سەردانی لیژنەی ڕۆشنبیریی پەرلەمانی کوردستان

ڕۆژی ٢٠ /٥ /٢٠١٩ لیژنەی ڕۆشنبیریی پەرلەمانی کوردستان کە پێک‌هاتبوو لە بەڕێزان لوقمان حەمەد حاجی- سەرۆک و مەم بورهان قانع، فەیصەڵ عەباس عەوڵا، گۆران عومەر عەلی- ئەندامان و مەجید ساڵح- ڕاوێژکاری لیژنە، سەریان لە بنکەی ژین و ئینستیتیووتی کەلەپووری کورد دا. پاش ئەوەی لیژنەکە ئەم دوو دەزگایەی بەسەرکردەوە، لەگەڵ نوێنەرانی هەردوو دەزگادا، لە ژووری کۆبوونەوەی ئینستیتیووتی کەلەپووری کورد کۆبووەوە. سەرۆکی هەردوو دەزگا باسی بەرنامە و نەخشەی کاری ئەمەودوایان کرد و هیوایان خواست پەرلەمان و حکوومەتی هەرێم لە خولی نوێی کاریاندا ئاوڕی ئەوپەڕی جیددی لە بنکە و ئینستیتیووت بدەنەوە و بە هەموو شێوەیەک پاڵپشت و هاوکاریان بن، تا بتوانن لە چەند ساڵی داهاتوودا هەم کادیر و شارەزا لە بواری تایبەتمەندیی کاری خۆیاندا پێ‌بگەیێنن بۆ درێژەپێدانی ئەم پڕۆژە نیشتمانییە، هەم کۆکراوەکانیان بە زانیاری و تەکنۆلۆجیای هاوچەرخ ڕێک‌بخەن و ئامادەبکەن. جگە لەوە، ئەم دوو دەزگایە هەوڵ بدەن لەو ماوەیەدا قانوونەکانی پاراستنی کەلەپووری نووسراو و نەنووسراوی کوردەواری، بە ڕاوێژ و بۆچوونی پسپۆڕانی بوارەکە، بۆ پەرلەمان ئامادەبکەن، تا پاش بڕیارلێدان، لە پاشەڕۆژدا ئەرشیف و کتێبخانەی نیشتمانیی هەرێمی کوردستان دابمەزرێنرێ. لیژنەی ڕۆشنبیری، لەپاڵ دەستخۆشی‌کردن لەم دوو دەزگایە کە توانیویانە گەنجینەیەکی گرانبەها لە ساڵانی ڕابوردوودا پێکەوەبنێن و ببنە بناغەی ئەرشیف و کتێبخانەی نیشتمانیی داهاتووی هەرێمی کوردستان، گفتی پشتیوانی و دابینکردنی هاوکاری و بەدواداچوونی ئەم مەسەلەیەیان دا.