سەردانی قوتابیانی قوتابخانەی بنەڕەتیی تەوار

ڕۆژی چوارشەممە ٢٠٢٢/١٠/٥ قوتابیانی پۆلی هەشتەمی قوتابخانەی بنەڕەتیی تەوار لەگەڵ چەند مامۆستایێکی بەڕێزی خۆیان سەریان لە بنکەی ژین دا. سەرەتا ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بنکە، سدیق ساڵح، پێشوازیی‌ لێ‌کردن و باسێکی سەبارەت بە ئەرشیف و بایەخی کەلەپووری شارستانیی نووسراو و کاروباری گشتیی ئەم دەزگایە بۆ کردن. پاشان چەند یەکەیەکی وەک بەشی گشتیی کتێبخانە، بەشی ڕۆژنامەوانی و مۆزەخانەی چاپی پێ بەسەرکردنەوە. ڕوونیشی‌کردەوە کە دەرگای بنکەی ژین هەمیشە بە ڕووی هەموو قوتابیان و مامۆستایان‌دا کراوەیە و شادمان‌دەبن قوتابیان لە نزیکەوە ئاشنایەتی لەگەڵ ئەم دەسکەوت و تەلارە شارستانییە گرنگەی کوردەواری پەیدابکەن.