سەردانی شاندێکی فامیلی‌سێرچ Family Search

سەعات ١٠ی سەرلەبەیانیی سێ‌شەممە ٢٠٢٢/٥/٢٤، شاندێکی ڕێکخراوی فامیلی‌سێرچ کە پێک‌هاتبوو لە بەڕێزان تۆربین ئینگبێرگ و ڕۆلا شەلهووب، بە یاوەریی دوو بەڕێزی‌تر، سەریان لە بنکەی ژین دا. بەڕێز ئاکۆ محەمەدووەهبی، ئەندامی ئەنجومەن، پێشوازیی لێ‌کردن. سەرەتا ئەرک و ئامانجەکانی ئەم دەزگایەی بۆ ڕوون‌کردنەوە، پاشان یەک‌بەیەکی بەشەکانی لەگەڵ بەسەرکردنەوە و زانیاریی پێویستی لەبارەیانەوە پێ‌دان. هەردوو ئەندامی شاندەکە دواتر لە دانیشتنێک‌دا جەختیان‌کردەوە کە ڕێکخراوەکەیان بایەخ دەدا بە کۆکردنەوەی زانیاریی تایبەت بە لەدایکبوون و مردن و خێزان و هۆز و خێڵ و تیرەکان و لەم ڕووەوە زانیاریی زۆربەی وڵاتان و میللەتانیان کۆکردووەتەوە، هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو شوێنانە کە هێشتا هیچ زانیارییەکیان لەبارەوە نییە. داوایان‌کرد بنکەی ژین وەک تاقە ئەرشیفی متمانەپێکراوی هەرێم لەم لایەنەوە هاوکاریان‌بێ و لەم کارە زانستی و پێویستەدا یارمەتییان‌بدا. هەردوو لا پێک‌هاتن ئەم پڕۆژەیە بخرێتە چوارچێوەیێکی فەرمی و ئەمەودوا بە بەرنامە کاری جیددیی بۆ بکرێ.