سەردانی شاندێکی “دامەزراوەی مام”

شاندێکی “دامەزراوەی مام” کە ئەم دوایییە وەک دەزگایێکی تایبەتمەند بە هەموو کەلەپوور و چالاکییە سیاسی و ڕۆشنبیرییەکانی خودابەخشیو بەڕێز مام‌جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی دامەزراوە، پێک‌هاتبوو لە بەڕێزان دکتۆر محەمەد سابیر ئیسماعیل وەک سەرۆک و یووسف زۆزانی و ئاوات عومەر کاکی وەک ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردن، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠٢٢/٨/٣ سەری لە بنکەکەمان دا و هەندێک لە بەشەکانیان لەگەڵدا بەسەرکرایەوە. ئەو شاندە مەبەستی بوو کەڵک لە شارەزایی و ئەزموونی بنکەی ژین وەک دەزگایێکی ئەرشیفی وەربگرێ و لە نزیکەوە لە نهێنیی سەرکەوتنی تێ‌بگا. بەڕێوەبەری بنکەی ژین، بە ناوی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنەوە، خۆشحاڵیی بە دامەزرانی دەزگایێکی لەم شێوەیە دەربڕی و ئامادەگیی نیشان دا بۆ هاوکاری و پشتیوانیی و پوختەی چەند خاڵێکی سەبارەت بە شێواز و ڕێ‌وشوێنەکانی کارکردن لە بنکەکەمان ڕوون‌کردەوە، بەو مەبەستە کە سوودی بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژە ئەرشیفییە نوێیە هەبێ. هەردوو لا هاودەنگ‌بوون کە درێغی لە هاوکاریی یەکتر و ئەنجامدانی کاری هاوبەش نەکەن، کە دواجار خێر بۆ کاری ئەرشیفسازی دەداتەوە.