سەردانی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان

سەعات ٥,١١ی دووشەممە ٢٠٢٣/١/٩ شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بەڕێز عەلی حسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی، سەری لە بنکەی ژین دا. شاندەکە زۆری بەشەکانی بنکەی لەگەڵدا بەسەرکرایەوە و بەڕێوەبەری بنکەی ژین زانیاریی سەبارەت بە ئەرک و فرمانی هەر یەکە لەو بەشانە دا. پاشان لە دانیشتنێکی دۆستانەدا بۆ شاندی بەڕێز ڕوون‌کرایەوە کە ئامانجی ئەم دەزگایە بنیاتنانی یادەوەرییەکی ڕاستەقینەی کوردستانییە بە شێوەیێکی زانستی و شارستانانەی دوور لە هەر خولیایێکی ناوچەگەری و بیری تەسکی ناشارستانی. خۆشبەختانەیش بنکەی ژین لەم ڕووەوە توانیویە وەک پڕۆژەیێکی دەستەجەمعی نەخشی بەرچاوی هەبێ لە کۆکردنەوە و پاراستنی بڕێکی زۆر باشی کەلەپووری ڕۆشنبیریی ناوچەکەمان و ببێتە ناوەندێکیش بۆ بەدەست‌هێنانی سەرچاوە و زانیاریی پێویست بەبێ جیاوازی. داوایش‌کرا هەمووان ئەم بنکەیە بە ماڵ و موڵکی خۆیان بزانن و ئەوەی لە دەستیان دێ، بۆ هاوکاری و پشتیوانیی درێغیی لێ‌نەکەن. لە کۆتایی‌دا بەڕێز عەلی حسێن دڵخۆشیی خۆی بەم هەبوونی ئەم دەسکەوتە شارستانییەی کوردەواری دەربڕی و بە پڕۆژەیێکی مایەی شانازی و شاکارێکی گەورەی دانا.