سەردانی شاندی ئەدیبانی حللە (بابل)

پێش‌نیوەڕۆی یەک‌شەممە ٢٠٢١/٣/٢٨ شاندێکی ئەدیبانی پارێزگای حللە (بابل) کە پێک‌هاتبوو لە بەڕێزان: دکتۆر عەبدولڕەزا عەوەز، نەبیل ڕوبەیعی، ئەحمەد ناجی، سەباح عەگام و ئەحمەد جباوی، سەریان لە بنکەی ژین دا و بەڕێوەبەری بنکەیان دی. بەڕێوەبەر، باسی کار و چالاکییەکانی پێشوو و دەسکەوتە کەلتوورییەکانی “بنکەی ژین”ی بۆ کردن، لەوڕووەوە کە توانیویە خزمەتێکی شایان پێشکەشی توێژەرەوە و مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆ و بەتایبەت خوێندکارانی قۆناغی ماستەر و دکتۆرا، نەک هەر لە هەرێم، بەڵکوو لە سەرتاسەری عیراق و دەرەوەی‌دا بکا. بەوپێیە بنکەی ژین هەم بەرهەمە بڵاوکراوەکانی بە کتێب و گۆڤارەوە و هەم کۆکراوەکەی لە بەڵگەنامە، کتێب و ڕۆژنامەگەری و دەستنووس، کەلێنی گەورەیان پڕکردووەتەوە و گەنجینەیەکی لەنرخاندن‌نەهاتووی وڵاتن. پاشان هەردوو لا کەوتنە باس‌وخواس و کۆک‌بوون لەسەر پێویستی و ناچاریی دامەزراندنی پردی پێوەندی لە نێوان دەستبژاردەی ڕۆشنبیرانی کورد و عەرەب‌دا بۆ ڕەواندنەوەی گومان و دڕدۆنگییەکان و یەکتربینین و گفت‌وگۆ و سەردان و بەسەرکردنەوەیان بە ئەرکی خۆیان دانا. جگە لە باسی خەمە هاوبەشەکان، بەڕێوەبەری بنکە هەندێ بۆچوونی چەوتی -وەک- سەبارەت بە خوێندنی دەرسی عەرەبی لە قوتابخانەکانی هەرێم‌دا بۆ ڕاست‌کردنەوە و بۆی ڕوون‌کردنەوە کە هەر پێشکەوتن و ئاوەدانییەک لە هەرێمی کوردستان بووبێ، بە پێچەوانەی بۆچوونی باوی نێو بەشێکی هاووڵاتیانی ناوەڕاست و باشووری عیراقەوە، لەسەر حیسابی ئەوان نەبووە و ئەوە تێگەیشتنێکی نادروست و هەڵەیە و پێوەندیی بە ڕەفتاری کاربەدەستانی خۆیانەوە هەیە؛ بە داخیشەوە کە کورد خۆی نەیتوانیوە لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە بە ئامرازێکی عەرەبی عەقڵی هاووڵاتیی عەرەب بخوێنێتەوە و بیدوێنێ و ڕووی ڕاستی مەسەلەکانی بۆ ڕوون‌بکاتەوە. شاندەکە شادمان‌بوون بە سەردانەکەیان و دەست‌خۆشییان لە کار و هەوڵە زانستییەکانی بنکەی ژین کرد لە بواری خزمەتکردنی ڕاستی و مێژوودا.