سەردانی خوێندکارانی کۆلیجی پەروەردەی بنەڕەتی

سەعات ١٠ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێ‌شەممە ٢٠٢٢/١٠/١٨ خوێندکارانی قۆناغی سێیەمی بەشی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی کۆلیجی پەروەردەی بنەڕەتیی زانکۆی سلێمانی، بە سەرپەرشتیی بەڕێز مامۆستا ڕزگار حەمەلاو خالید، سەریان لە بنکەی ژین دا. لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە هۆڵی ڕۆژنامەوانی بەڕێوەبرا، سەرەتا بەڕێز سدیق ساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بنکە سەبارەت بە بایەخی ئەرشیف لە ژیانی میللەتان‌دا و بەتایبەت بۆ کورد و پێویستیی نووسینەوەی مێژوویەکی ڕاستەقینەی بەڵگەدار و دەوری بنکەی ژین لە دانانی بناغەی ئەرشیفێکی زانستی و ڕەسەنی خۆماڵی‌دا، دووا. ئەمجا مامۆستا حەمەعەلی محەمەد مەعرووف، بەرپرسی ئەرشیفی پەروەردە لە بنکەی ژین هاتە سەر باسی دەوری دامەزراندنی بەشی ئەرشیفی پەروەردە لەم دەزگایە‌دا و ناچاریی خۆپەروەردەکردن و خەمخۆری بۆ وڵات و کۆڵنەدان و کارکردن بۆ خزمەتی کوردەواری لە ڕێگەی خوێندەواری و تێکۆشانەوە. پاشان مامۆستا ڕزگار حەمەلاو سوپاسی بەڕێوەبەرانی “بنکەی ژین”ی کرد، کە بە هاوکاری و کۆمەکی هەمووان توانیویانە گەنجینەیەکی زانستی و دەوڵەمەند لە هەرێمی کوردستان پێکەوەبنێن و خزمەتێکی گەورەی بواری توێژینەوەی زانستی بکەن.