“سەرجەمی بەرهەمی ڕەفیق چالاک” بەڕێوەیە

بەرهەمێکی نوێی بنکەکەمان، کە لە چوارچێوەی پڕۆژەیێکی هاوبەش‌دا لەگەڵ “دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان” چاپ و بڵاو دەکرێتەوە، دوو بەرگی “سەرجەمی بەرهەمی ڕەفیق چالاک”ە، کە بەرگی یەکەمیان ٦٤٠ لاپەڕە و هەمەڕەنگە، لە ڕاز و نیازەکانی سەردەمی هەرزەکاری و لاویی نووسەر، چیرۆکەکانی، وتارەکانی، بیرەوەرییەکانی، پێک‌هاتووە؛ خودابەخشیو چالاک ڕەفیق چالاک و سدیق ساڵح ئامادەیان‌کردووە. بەرگی دووەمیشی کۆکراوەی هەموو شانۆنامەکانیەتی، خودابەخشیوان مامۆستای گەورە کەمال ڕەئووف محەممەد و چالاک ڕەفیق چالاک، سدیق ساڵح ئامادەیان‌کردووە. بنکەکەمان لە هەوڵی ئامادەکردنی ئەلبوومێکیشدایە بۆ سەرجەمی وێنەکان و بەڵگەنامە گرنگەکانی بەهەشتی ڕەفیق چالاک. لەبەرئەوەی هەندێ وێنەی گرنگ و پێویستی ئەو زاتە لە بەردەست‌دا نەبوون، ئەم کارەی دواخست بۆ دەرفەتێکی‌تر. جا لێرەوە ئەم هەلە دەقۆزینەوە و داوا لەو بەڕێزانە دەکەین کە وێنە و دەستخەت و هەر شتێکی‌تریان لەلابێ، پێوەندیی بەم نووسەر و هونەرمەندە مەزنەی کوردەوارییەوە هەبێ، بە هەر شێوەیێک بووە ڕێمان‌بدەن وێنەیان بگرینەوە و ئەو کارە چاوەڕوانکراوەی پێ تەواوبکەین، پێشەکی سوپاسیان‌دەکەین و ڕێز لە هاوکارییان دەنێین.