سیمپۆزیەمی “یەکەی دەستنووس و سامانی کولتووری”

ڕۆژی پێنج‌شەممە ٢٠٢٢/٥/١٩ یەکەی دەستنووس و سامانی کولتووری لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە سلێمانی، سیمپۆزیەمی دەستنووسی زانایانی کوردی بە دروشمی “دەستنووسی زانایانی کورد، سامانی کولتووریمانە” لە هۆڵی کتێبخانەی زانکۆ سازکرد. چالاکییەکە کە ٣٢ پسپۆڕ و شارەزای پێوەندیداری ئەم مەیدانە ئامادەی‌بوون، سەعات ١٠ی سەرلەبەیانی بە وتەی بەڕێز دکتۆر مەریوان ئەحمەد ڕەشید، سەرۆکی زانکۆ دەستی پێ‌کرد و پاشان بەڕێز دکتۆر هەردی مەهدی میکە هەردوو دانیشتنەکەی بەڕێوەبرد، کە لە یەکەمیان‌دا مامۆستا محەمەد عەلی قەرەداغی بابەتی (ڕێکار و هەنگاوەکانی ئەرشیفکردنەوەی دەستنووسی زانایانی کورد لە عیراق‌دا)، دکتۆر نەوید نەقشبەندی (ڕێکارەکانی وەدەست‌هێنانی دەستنووسی نووسەرانی کورد لە ئێران)، مامۆستا محەمەد ماجید ئامەدی (دەستنووسی زانایانمان لە کتێبخانە فەرمییەکان، پاراستن و بڵاوکردنەوەیان)ی پێشکەش‌کرد و چەند میوانێکی ئامادەیش سەرنج و بۆچوونیان خستەڕوو. لە دووەمیشیان‌دا سدیق ساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی “بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین” بابەتی (ئاستەنگەکانی بەردەم ئەشیفکردنی دەستنووس لە هەریمی کوردستان)، دکتۆر محەمەد عەبدوولی (پێداویستییەکان و خەسارناسیی ساغکردنەوەی دەستنووسی کوردی)، مامۆستا مزەفەر ئۆنوور (دەستنووسی زانایانمان لە کتێبخانە کەسییەکان‌دا)ی پێشکەش‌کرد و چەند میوانێکیش ڕای خۆیان دەربڕی. دانیشتنەکان تا سەعات ٢ی پاش‌نیوەڕۆیان خایاند و پاشان هەمووان پێکەوە نیوەڕۆژەیان‌کرد. بڕیارە ئەم چالاکییە بە هەمان ئاڕاستە درێژەی پێ‌بدرێ، تا دواجار ئەنجامێکی بەسوودی بۆ خزمەتی ئەم بوارەی کەلەپووری شارستانیی کوردی لێ‌بکەوێتەوە.