ڕۆژی شەممە ٢٠٢٥/٥/١٧ بەڕێز عادل لەتیف مەولەوی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ڤیوو پایەنیر دوو وێنەی پێشتر نەبینراو و بڵاونەکراوەی بە پێوانەی تابلۆ گەورەکراوی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ڕۆژی ١٩٤٥/٤/٤ی جەژنی نەورۆز لە گردی مامەیارە و کارێزی وەستا شەریفی سلێمانیی بە دیاری پێشکەشی بنکەکەمان کرد.
وێنەکان، یەکیان حاجی تۆفیقی پیرەمێردە بە باستۆنەکەی دەستیەوە (کە ئێستە لە بنکەی ژین پارێزراوە) و دووەمیان ئەو ئاپۆرەی خەڵکەیە کە ئەو ڕۆژە لە شارەوە هاتوون و بەشداریی ئەو بۆنەیەیان کردووە؛ هەردووکیشیان -کاریان ڕاستبێ- لە ئەرشیفێکی دەرەوەی کوردستان پەیداکراون و ڕێگە بە دووبارە بڵاوکردنەوەیشیان نادرێ.
شایانی وتنە، ئەو ڕۆژە سی. جەی. ئەدمۆندسی پێشتر ئەفسەری سیاسیی ئینگلیز لە سلێمانی و پاشتر کوردناسی ناوبەدەرەوە، هاتووە بۆ سلێمانی بۆ خواحافیزی لە هاوەڵانی لەبەر تەواوبوونی ماوەی وەزیفەکەی و گەڕانەوەی بۆ بریتانیا و بەشداریی لەو ڕێوڕەسمەدا کردووە. ئەو ڕۆژەیش شاعیری گەل فایەق بێکەس شیعری بەناوبانگی “بیستوحەوت ساڵە من ڕەنجەڕۆی تۆم”ی لەو ئاهەنگەدا ڕووبەڕووی ئەدمۆندس خوێندووەتەوە و هەڵڵایەکی زۆری دروستکردووە، بە جۆرێک کە ئاهەنگەکەیش بە خۆپیشاندانی خەڵک و ڕێپێوانیان بە دروشمدانەوە تا بەردەمی ماڵی ڕەحمەتی مەعرووف جیاوکی موتەسەڕیف (شوێنی ئێستەی ناوەندی کوردستان بۆ دیکۆمێنت و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی و بەرامبەر بە باخی گشتی) کۆتاییهاتووە.
ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بنکەی ژین، بەوپەڕی پێزانینەوە سوپاسی زۆری کۆمپانیای ڤیوو پایەنیر و بەتایبەت مامۆستا عادل مەولەوی دەکا، کە بنکەی بە شایستەترین شوێن زانیوە بۆ پێسپاردنی کۆپییەکی ئەو دوو وێنەیە و بەهیوایە ئەم هاوکاری و ئاڵوگۆڕکردنی کەرەستە و زانیاریی ڕۆشنبیرییەی نێوان هەردوو لا بەردەوامبێ بۆ خزمەتی گشتی.


