دۆزینەوەی بەرهەمێکی زەوتکراوی مەحموود ئەحمەد شەنگە

مەحموود ئەحمەد شەنگە، نووسەرێکی کوردی بە ئەسڵ خەڵکی ڕەواندز و دانیشتووی سلێمانی بووە. ساڵی ١٩٤٦ کتێبی “ئادەمیزاد لە سایەی دەرەبەگایەتی”دای لە چاپخانە دەستی بەسەرداگیراوە و هێشتا تەنانەت نوسخەیێکیشی بەردەست‌نەکەوتووە.
خۆشبەختانە کە ئەم دوایییە کۆکراوەکەی خودابەخشیو مامۆستا محەمەدی مەلا کەریم لە لایەن بنەماڵە بەڕێزەکەیەوە پێشکەشی بنکەی ژین کرا و بنکەیش خەریکی ڕێکخستن و ئامادەکردنی بوو لە ژوورێکی تایبەت‌دا، ئەم نامیلکەیە دۆزرایەوە، کە بەرگەکەی هیچ ناونیشان و مێژوویێکی پێوەنین، بەڵام بە تەماشاکردنی ناوەڕۆکەکەی و وردکردنەوەی بابەتەکانی، دەرکەوت کە بە دڵنیایییەوە هەر ئەو نامیلکە ناوبراوەیە کە ساڵانیکە لێمان بزرە.
بنکەکەمان وەک دروود بۆ گیانی پاکی کاکەحەمەی مشوورخۆری ئەرشیفی کوردی و مەحموود ئەحمەدی نووسەر دەنێرێ، نیازیەتی لە دەرفەتێک‌دا لە چوارچێوەی پڕۆژەیێکی کۆکردنەوەی سەرجەمی بەرهەمی ئەم نووسەرە گومناوەدا کە دوو ساڵێک پترە دەستی‌ پێ‌کراوە، بڵاوی‌بکاتەوە.