سەعات ٤ی پاشنیوەڕۆی شەممە ٣\١٢\٢٠٢٢، “ڕێکخراوی ڕۆشنبیریی جەمال نەبەز” ڕێوڕەسمی بەخشینی دووەم “خەڵاتی قەڵەمی زێڕینی جەمال نەبەز” لە “هۆڵی پیرەمێرد”ی ناو تەلاری “بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین” بەڕێوەبرد. ڕێوڕەسمەکە کە ژمارەیەکی زۆری میوان ئامادەیبوون، فیلمێکی بەڵگەنامەییی سەبارەت دکتۆر جەمال نەبەز تێدا نیشاندرا. بەڕێزان د. کوردستان موکریانی، د. حەیدەر لەشکری، ئەحمەد عەلی ئەحمەد جێگری پارێزگاری سلێمانی، قسەیان تێدا کرد. خەڵاتەکەیش بەخشرا بە کوردناسی هۆڵەندایی، دکتۆر میشێل لەیزنبێرخ، کە لە ٣٠ ساڵی ڕابوردوودا کۆمەڵێک کاری زانستی و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمیی سەبارەت بە کورد بڵاوکردووەتەوە. دکتۆر میشێلیش لەو کۆڕەدا قسەیکرد و پێخۆشحاڵیی خۆی دەربڕی و سوپاسی ڕێکخراوەکەی کرد کە ئەویان دەستنیشان کردووە بۆ ئەم خەڵاتە.
جێگەی باسە، گرووپی لوڕ ناوبەناو بە چەند گۆرانییەکی ڕەسەنی کوردی تێهەڵکێشی ڕێوڕەسمەکە بوو.