خولێکی تایبەت بە ئاگرکوژاندنەوە و خۆپارێزی

سەعات ١٠ی بەیانیی یەک‌شەممە ٢٠٢٥/٨/٣ بنکەکەمان کۆڕێکی بۆ مولازمی یەکەم بەڕێز ئاکار جوامێر ئەوڕەحمان، ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سلێمانی ڕێک‌خست، کە هەموو کارمەندان و تەنانەت پۆلیسانی پاسەوانی بینای بنکەیش بەشدارییان تێدا کرد. بەڕێزیان لەو کۆڕەدا کە دووسەعاتێکی خایاند، زانیاریی ورد و پێویستی درکاند سەبارەت بە جۆرەکانی ئاگر و شێوە و ئامرازەکانی ئاگرکوژاندنەوە و ڕێ‌وشوێنە ناچارییەکانی کە دەبێ لە کاتی ئاگرکەوتنەوەدا بۆ خۆپارێزی بگیرێنە بەر. سەعات ١٠ی ڕۆژی دواییش بەڕێز ئەمیر عومەر فەقێ محەمەد، ڕێ‌پێدراوی یەک لە هەمان بەڕێوەبەرایەتی، پاش پێشکەشکردنی کۆمەڵێک زانیاریی گرنگ لەبارەی ئاگرکەوتنەوە و کوژاندنەوەیەوە، بەکردەوە ئاگرکەوتنەوە و چۆنایەتیی کوژاندنەوەی هەر لەناو حەساری تەلاری ‘بنکەی ژین’ بۆ کارمەندان بەجێ‌هێنا بۆ شارەزاییی تەواو پەیداکردنی هەمووان و بەشێکی کارمەندانیش کارەکەیان تاقی‌کردەوە.
ئەنجومەنی بەڕێوەبردن سوپاسی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بەڕێزە و ئەو دوو کارمەندە بەڕێزەیشی دەکا کە ئەرکیان کێشا و زانیاریی بەسوودیان بەخشی. لای خۆیشمانەوە پێمان وایە ڕێنمایی و ڕێ‌وشوێنەکانی خۆپارێزی، وەک بەرگریی شارستانی بەردەوام جەختیان لێ‌دەکاتەوە، ئەرکی سەر شانی هەمووانە بۆ خۆپاراستن و خۆبەدوورگرتن لە هەر کارەساتێکی نەخواستراو پێڕەویان‌بکەن.