خولی ” تەکنیکە نوێیەکان لە مشتوماڵدانی دەستنووسە ئیسلامییەکان دا”

“بنکەی ژین” لە چوارچێوەی پێوەندییە ڕۆشنبیری و زانستییەکانی‌دا لەگەڵ دەزگاکانی هاوشێوەی خۆی، پاش وەرگرتنی ڕەزامەندیی بەڕێز شێخ مەهدی کەربەلائیی سەرپەرشتی عەتەبەی حوسەینی لە شاری کەربەلا، ڕۆژانی شەممە-چوارشەممە ٢٦-٣/٣٠/ ٢٠٢٢ خولێکی مەشق و ڕا‌هێنانی کردەوە، پسپۆڕانی ناوەندی ئیمام حوسەین (خ.ڕ) بۆ مشتوماڵدانی دەستنووس و شوێنەواری توێژەوەران” کە سەر بە عەتەبەی ناوبراوە، بەڕێوەیان‌برد. خولەکە، کە کارمەندانی بنکەکەمان و کارمەندی کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانیش بەشدارییان تێدا کرد، سەبارەت بوو بە شێوەکانی چاککردنەوەی دەستنووس، چاککردنەوەی پەڕەی زیان‌ لێکەوتوو، دروستکردنی بۆکس، دروستکردنی کاغەزی مەڕمەڕی وەک دەقپارێز، چەسپاندنی مەرەکەب، زانیاریی گرنگی کیمیایی سەبارەت بە پشکنینی PH، پاکژکردنەوەی دەستنووس ، چاککردنەوەی کاغەزی نەخۆش و نموونەی بەرچاو بۆ هەر یەکێک لەم کارانە بەکردەوە جێ‌بەجێ‌کرا.

خولەکە، بەگشتی زانیاریی گرنگ و نوێی هێنایە مەیدان و لەمەودوا بەدڵنیایییەوە کەڵکی زۆر بەم لایەنەی کارەکانی بنکەکەمان دەگەیێنێ. ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بنکەی ژین، وەک سوپاسگوزاری بەڕێزان سەرپەرشتی عەتەبەی حوسەینی و ئەو پسپۆڕانەی ناوەندەکەیشە، کە کارەکەیان بەوپەڕی خەمخۆری و دڵسۆزییەوە ڕاپەڕاند، هیوادارە ئەم جۆرە پێوەندییانە بەرەو ئاستێکی بەرزتر ببا، کە خزمەت و سوودێکی گشتییان لێ‌دەکەوێتەوە.