جەلالی عومەر سام‌ئاغا ناوماڵەکەیی بەخشییە بنکەی ژین

پاش‌نیوەڕۆی شەممە، ٢٠٢٠/١١/٢١، نوێنەرانی بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین، ڕەفیق ساڵح، سەرۆکی بنکەی ژین و سدیق ساڵح، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردن، بەپێی ڕێککەوتنێکی پێش‌وەخت چوونە ماڵی بەڕێز جەلالی عومەر سام‌ئاغا لە (گردی سەرچنار). لەوێ بە ئامادەبوونی بەڕێزان بەکر حەمەسدیق، پارێزەر و خالید حەمەغەریب، قسە لەو بارەیەوە کرا، کە کاک جەلال پێشتر بڕیاری‌داوە هەموو ناوماڵەکەی ببەخشێتە بنکەی ژین، بەو پێیە کە بە دەزگایەکی چالاک و جیددیی گرنگی پارێزگاریی سامانی کەلەپووری نووسراوی کوردی و بناغەی ئەرشیفێکی نیشتمانیی داناوە و بە پێویستی زانیوە هێندەی پێی بکرێ، پشتیوانی بێ.
ڕەفیق ساڵح و سدیق ساڵحیش لە لێدوانێکی ڤیدیۆیی‌دا سپاسی کاک جەلالیان کرد کە ئەم دەست‌پێشخەرییەی نوواندووە و ئاوڕی دڵسۆزانەی لە بنکەی ژین داوەتەوە، لە کاتێک‌دا پێشتریش یەکێک بووە لەوانە کە هاوکاریی “بنکەی ژین”یان کردووە. وەک ئەم هەڵوێستە خەمخۆرانەی کاک جەلالیان بە بەرزی هەڵسەنگاند و بە نیشانەی ژیان‌دۆستی و تێگەیشتنێکی قووڵی ژیان و مرۆڤایەتییان لێک‌دایەوە، هیوای لەش‌ساغی و تەمەن‌درێژی و بەختەوەرییان بۆ خواست.
دواجار کاک جەلال خۆی و ڕەفیق ساڵح، کە ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بنکەی ژین سەرپشکی‌کردبوو، نوسخەکانی ئەو عەقدە سێ لاپەڕەیییەیان ئیمزاکرد، کە لە مەرجەکان و لیستی کەلوپەلەکان و ناوی حەڤدە شایەتی کارەکە پێک‌هاتووە.
جێگەی باسە، کاک جەلالی عومەر سام‌ئاغا، کەسێتییەکی ناسراوی شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستانە و وەک کاربەدەستێکی حکوومەتی، سەرکەوتووانە نموونەیەکی باڵای لە پاکی و خۆنەویستی و دڵسۆزی و کاری دامەزراوەیی نیشان‌داوە و ئەم خەسڵەتانە وایان لێ‌کردووە وەک پیاوێکی ناوبەدەرەوەی ڕاستگۆ و خۆمخۆری وڵات بناسرێ و ڕێزی لێ‌بنرێ.
ژیاننامەی جەلالی عومەر سام‌ئاغا
ساڵی ١٩٤١ لە گەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایک‌بووە. تا دواناوەندیی لە سلێمانی و کۆلیجی بازرگانی و ئابووریی ١٩٦٣ لە زانکۆی بەغدا تەواوکردووە. ١٩٦٢ کە خوێندکار بووە لە بەغدا، لەبەر چالاکیی سیاسی گیراوە و خراوەتە زیندانی (حەلفە سەددە). ١٩٦٤ بە فەرمانبەر لە پۆستەخانەی سلێمانی دامەزراوە، پاشان براوەتە بەڕێوەبەرێتیی بانکی بازرگانیی سلێمانی و ئەمجا زانکۆی سلێمانی. ١٩٧١ کراوە بە بەڕێوەبەری کارگێڕیی زانکۆ. ١٩٧٤ چووەتە شاخ و بەشداری شۆڕشی ئەیلوول بووە. ١٩٧٥ پاش نوشوستیی شۆڕش، ماوەی پێنج ساڵ دوورخراوەتەوە بۆ بەغدا. ساڵانی هەشتا هێنراوەتەوە بۆ سلێمانی و لە دائیرەی گشتیی شارەزوور و بەڕێوەبەرێتیی کشت‌وکاڵ کاری‌کردووە تا ١٩٩١.
پاش پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کراوە بە ڕاوێژکار لە وەزارەتی دارایی و ئابووری تا ٢٠٠٠. پاشتر سێ ساڵ بریکاری وەزارەتی دارایی و ئابووری بووە. ٢٠٠٢ بووە بە سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی بە پلەی وەزیر. ٩ نۆ ساڵ لەم کارەی‌دا ماوەتەوە، تا لە ٢٠١١دا بە داوای خۆی خانەنشین‌بووە.
کاک جەلال ئەوەبەدوا خانووەکەیی کە بە ٦٠٠ هەزار دۆلار خەمڵێندراوە، لەسەر وەزارەتی تەندروستی تاپۆکردووە، تا پاش خۆی بکرێتە بنکەیەکی تەندروستی. پارچەزەوییەکی خۆیشی داوە بە دیوانی چاودێریی دارایی و بە ٧٠ حەفتا ملیۆن دینار فرۆشراوە و خراوەتە بانک. سوودی ساڵانەی بە خەڵات دەدرێتە فەرمانبەری نموونەیی و خانمانی سەلاری دیوانی چاودێری. جگە لەوە، قوتابخانەیەکی سەرەتاییی بە ناوی خاتوو زەکییەی خوشکیەوە لە گەڕەکێکی نوێی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی دروست‌کردووە و بەخشیویە بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی. ئێستەیش سەرقاڵی دروستکردنی باخچەیەکی ساوایانە، تا دوایی بیبەخشێتە حکوومەت. دواجاریش ئەمڕۆ بە ڕەسمی هەموو ناوماڵەکەیی بەخشی بە بنکەی ژین.
کاک جەلال نموونەیەکی بەرزی کاربەدەستی دەست و داوێن-پاک، بوێر، خەمخۆر و بەهەڵوێست و بە کردەوەیش ڕاستگۆیی و دڵسۆزیی خۆی نوواندووە. تەمەن‌درێژ و تەندروست بێ.