لە سیمینارێکدا بنکەکەمان، سەعات ١٥,١٠ی تاقی بەیانیی چوارشەممە ٢٠٢٦/١/٢١، سیمینارێکی بە ناونیشانی “بەڕێوەبردنی کەلەپووری ڕۆشنبیری لە سایەی داگیرکاری و کۆنترۆڵی بیانیدا” بۆ بەڕێز دکتۆر سەعد بەشیر ئەسکەندەر ڕێکخست، کە ١٥ کەس ئامادەیبوون.
پوختەی بابەتەکەی ئەمە بوو:
بەشی یەکەم: ناکۆکییەکان و ڕێککەوتنەکان- لێکۆڵینەوە لە ئیمپریالێتییەکانی ڕۆشنبیری لە دوادوای سەردەمی عوسمانیدا (١٨٤٢-١٩١٧)
بەشی دووەم: لە نێوان ئیمپڕاتۆری و نەتەوەدا- پڕۆسەی بەدامەزراوەکردنی کەلەپووری شوێنەواریی میزۆپۆتامیا لە ماوەی داگیرکاری و ئینتیدابی بریتانیادا (١٩١٧-١٩٢٦)
ئەم سیمینارە بەدوای دیمەنی گەشەسەندووی نێوان ساڵانی ١٨٤٢-١٩١٧ی کەلەپووری شوێنەواریی وڵاتی میزۆپۆتامیادا چوو، کە مۆرکێکی ئەو ماوەیە ئاڵوگۆڕی قووڵی سیاسی و قانوونی و ڕۆشنبیری بوو بە سێ سەردەمی یەکلاکەرەوە: سەردەمی دوادوای عوسمانی (١٨٤٢-١٩١٧)، داگیرکاریی سەربازیی بریتانیا (١٩١٧-١٩٢٠)، ساڵانی هەووەڵی ئینتیدابی بریتانیا (١٩٢٠-١٩٢٦)،
بەشی یەکەمی سیمینارەکە جەختی لە گرژییە دینامیکییەکانی ئیمپریالێتیی ڕۆشنبیری و زیاتریش لە ململانێی تاوسەندووی نێوان مۆزەخانە و دەزگا ئەکادیمییەکانی ڕۆژاوا کردەوە، کە لە هەوڵدابوون زۆرترین شوێنەواری پەسەندی وڵاتی میزۆپۆتامیا بەدەستبهێنن. هاوکات ڕووناکیی خستە سەر هەوڵە گرنگەکانی ئەو دوایییەی دەوڵەتی عوسمانی بۆ پشتڕاستکردنەوەی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر شوێنەوارەکانی هەرێمە لاوەکییە ناتورکییەکانەوە، بە هەندێ قانوونی پێشەنگ و پڕۆسەگەلێکی بەدامەزراوەیی خۆڕێکخستنەوە و چەند گەشەکردنێکی بنیاتنەرانە. لە ئەنجامی هەموو ئەمانەیشدا، بە شیکردنەوەی هەموو ئەنجامە ڕاستەوخۆکان و لێکەوتە درێژخایانەکانی ئەم دەستتێوەردانانە، کەلەپووری شوێنەواریی گەلانی ناتورک دوچاری ڕووتاندنەوەیەکی بەرفراوان و گەورەی ئیمپریالێتیی ڕۆشنبیریی ڕۆژاوا و ئیمپریالێتیی ڕۆشنبیریی ڕۆژهەڵات بوو.
ئەم سیمینارە شیکردنەوەیەکی ورد و فرەڕەهەندی ئەو هێزانەی بەردەستخست کە بە شێوەیەکی چەسپاو بوونە مایەی پاراستن و لێکدانەوە و تێکەڵکردنی کەلەپووری شوێنەواریی وڵاتی میزۆپۆتامیا بە سیاسەت.
پشت بەو بناغانە کە لە بەشی یەکەمدا هەڵچندران، بەشی دووەم بەدوای پڕۆسەی پێکهێنانی چوارچێوە کارگێڕی و قانوونی و تەکنیکییەکانی پڕۆسەی بەدامەزراوەکردنی شوێنەواری میزۆپۆتامیادا چوو لە ساڵی ١٩١٧وە تا ١٩٢٦. بەشی دووەم شیکردنەوەیەکی قووڵی میکانیزمە پەرەسەندووەکانی ئیمپریالێتیی ڕۆشنبیری دوابەدوای یەکەم جەنگی جیهانی پێشکەشکرد، سەرباری بایەخدان -بەتایبەتی- بە ڕێوشوێن و دەستتێوەردانەکانی بریتانیا لە ماوەی داگیرکاری و ئینتیدابدا.
لێکۆڵینەوەی ئەم بەشە بە دووەم بەیاننامەی سەرەکیی جەنەڕاڵ ستانلی مۆد سەبارەت بە پارێزگاریی شوێنەوار لە ئایاری ١٩١٧دا دەستی پێکرد و بە دامەزراندنی مۆزەخانەی نیشتمانیی عیراق بە سەرپەرشتیی گێرتروود بێڵ لە تەمووزی ١٩٢٦دا کۆتاییی پێهات.
ئەم سیمینارە پێویستیی بە لێکەوتە ڕۆشنبیری و سیاسی و مێژوویییەکانی ئەو چوارچێوەیە هەبوو کە بۆ بەڕێوەبردنی کەلەپوور لە عیراق دامەزرێندرا و تیشکی خستە سەر ڕۆڵی دامەزرێنەرانەی نەک هەر بۆ پارێزگاریی کەلەپووری ماددیی کۆنی وڵات، بەڵکوو بۆ داڕشتنی ئاوات و چاوەڕوانیی نیشتمانیی فراوانتر لە بوارە ڕۆشنبیری و فیکری و سیاسییەکانیدا.