بەشداری لە خولێکی زانستیی مشتوماڵدانی دەستنووس‌دا

کتێبخانەی نیشتمانیی فەڕەنسە BNF کە ساڵێک پترە پێوەندییەکی کولتووریی لەگەڵ بنکەی ژین دامەزراندووە، ڕۆژانی ١٤-٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ خولێکی زانستیی کردەوە سەبارەت بە شیرازە و دەزووبەندکردن و بەرگ‌تێگرتنی ئەوروپایی و شێوەی پاراستنی ئەو بەڵگەنامانە کە مەرەکەبی ئاسن لە نووسینیان‌دا بەکارهێنراوە. خولەکە، ماڵی گازۆی سەر بە ناوەندی پارێزگاریی کەلەپووری کڵێسەکانی ڕۆژهەڵات لە شاری بەیرووت، بەڕێوەی‌برد. بەڕێز ئاشتی ئەحمەد ڕەشید، کارمەندی پسپۆڕی بەشی “مشتوماڵدانی کەرەستەی ڕۆشنبیری”ی بنکەکەمان، خۆشبەختانە بە سەرکەوتوویییەوە بەشداریی تێدا کرد.

ئەو ڕۆژانە کۆمەڵێک بابەتی تایبەت بە کێشە و زیانەکانی پێوەندیدار بە مەرەکەبی ئاسن و چارەسەرکردنی کیمیاییی مەرەکەبی ئاسن، چارەکردن بە کاغەزی ژاپۆنی، چارەکردنی مەرەکەبی ئاسن خۆی، چۆنایەتیی شێوازی چاککردنەوە و دەزووبەندکردن و شیرازەی ئەوروپایی، پێڕەوکردنی تەکنیکە هەمەجۆرەکانی چارەسەر و وردەکاریی‌تر، بە چەشنێکی هەمەلایەنە باس‌کراون و بەشداران کەڵکێکی زۆریان لێ‌بینی. 

لە دوایین ڕۆژی خولەکەیش‌دا، ئاشتی ئەحمەد لۆگۆی تایبەتی “بنکەی ژین”ی پێشکەش بە بەڕێوەبەرانی خولەکە کرد. جێگەی وتنە، بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین، ساڵانێکە لە ڕووی خەمخۆرییەوە بۆ سامانی کەلەپووری شارستانیی وڵاتەکەمان، ئەم یەکەم تاقیگەیەی چارەسەری نەخۆشییەکانی کاغەز بەگشتیی لە تەلاری ژین‌دا کردووەتەوە و لەم ڕێیەوە توانیویە ژمارەیێکی زۆر دەستنووس، بەڵگەنامە، کتێب، گۆڤار و ڕۆژنامە لە پووکانەوە و فەوتان ڕزگار و چارەسەریان بکا و نەهێڵێ ئەم کەرەستە گرانبەهایانەی کوردەواری لەناوبچن. ڕێگەیێکی دروستیش کە بنکەکەمان گرتوویەتیەبەر، هەوڵدانیەتی بۆ گەشەپێدانی شارەزایی و زانیاریی کارمەندانی خۆی، بە کردنەوەی خولی خۆجێیی و بەشداری لەو خولە زانستییانەدا کە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە.