بەشداریی بنکەی ژین لە پیشانگەی نێوەدەوڵەتیی سەدساڵەی لۆزان‌دا

بەشداریی بنکەی ژین لە پیشانگەی نێوەدەوڵەتیی سەدساڵەی لۆزان‌دا
ڕۆژی ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٣ پیشانگەی نێودەوڵەتیی سەدساڵەی پەیمانی لۆزان لە مۆزەخانەی مێژووییی لۆزان لە شاری لۆزانی وڵاتی سویسرە کرایەوە و تا ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دەخایێنێ. بنکەکەمان کە پێشتر لە ڕێگەی خاتوو ڕێناس حەسەن بابەکری دۆست و هاوکار و پشتیوانێکی خۆیەوە -بە سپاس و پێزانینێکی زۆرەوە- ئاگادارکرابووەوە، بە وەرگێڕدراوی ئینگلیزیی دوو بابەتی قەڵەمی شێخ نووریی شێخ ساڵح لە ژمارە ٦ی ڕۆژی ١٩٢٢/١٢/٢٧ی ڕۆژنامەی “ڕۆژی کوردستان”ی ئۆرگانی ڕەسمیی حوکمداریی کوردستانی جنووبی بە ڕێبەریی شێخ مەحموودی حەفیددا، بەشداریی تێدا کرد. بەوپێیە هەم ئەو ژمارەیەی ڕۆژنامەکە و هەم هەردوو وتاری ناوبراو لەو پیشانگەیەدا خراونەتەڕوو.
جێگەی باسە، ئەو دوو وتارە بانگەوازێکی خەمخۆرانەی شێخ نووریی شێخ ساڵحی شاعیر و ڕۆژنامەنووس و لێدانی زەنگی ئەو مەترسییە چاوەڕوانکراوە بوو کە هەموو خەون و خەیاڵێکی دەستبژاردەی کوردی لەو سەروبەندەدا تێدا پووچەڵ‌کرایەوە.


شێخ نووری لە شوێنێکی وتارەکەی‌دا نووسیویە:

ئیستیرحام لە زیمامدارانی ئوموور و ئیدارەمان ئەوەیە، کە حقووقی کوردستان فەرامۆش‌نەکرێ و لە لۆزان ئەم حەقە داوابکرێ، چونکە:
ئەمڕۆ ڕۆژێکە کە زۆر نازک و فرصەتە، هەموو ئانێکی ئەم زەمانە ئەوەندە بەقیمەتە، کە جەبری مافاتی قابیل‌نییە.
ئەمڕۆ ڕۆژێکە کە موقەڕەراتی هەموو میللەتێکی صاحێب‌حەق لەو مەجلیسەدا مەوضووعی بەحث‌ئەکرێ و هەموو قەومێ نائیلی ئامالی موقەددەسەی میللییەتی خۆی ئەبێ.
ئەمڕۆ ڕۆژێکە کە ئەگەر بە غەفڵەت ڕایبوێرین، موقابیلی هەموو ثانییەیەکی، ئەبێ دەساڵ عەذاب و ئەسارەت بکێشین.

ئەمڕۆ ڕۆژێکە صبحەینێ هەرچەند بە ماضی ناوی‌ئەبەین، بەڵام بۆ ئێمە ئیستیقبالێکی ڕووناکی تێدا تەئمین‌ئەکرێ.
ئەمڕۆ ڕۆژێکە کە نابێتەوە. ئەگەر لەم ڕۆژەدا فەرامۆش‌بکرێین، ئەبەدییە، عەذابێکی لایەتەناهییە.
ئەمڕۆ ڕۆژێکە کە بۆ ئیستیردادی حەقێکی قەومییەت و میللییەت، لە هەموو قەومێکی صاحێب‌ئیدراک یەکێک بۆ ئیثباتی حەقی مەشرووعیان -موطڵەقەن- ئەچێتە ئەو مەجلیسەوە؛ هەتا چێویش بنێن بە ورگیانەوە، هەر ئەچن.
ئەمڕۆ ڕۆژێکە حقووقی خۆمان بە دەستی خۆمان ئەدرێ. مەسئەلەیەکی مەشهووری کوردییە: “تا ماڵ وەستابێ، مزگەوت حەرامە،” فانتبهوا!!