بەرگی دووەمی کتێبی “الفهرس الوصفي لمخطوطات مرکز ژین للتوثیق والدراسات” لە چاپ دەرچوو

بەرگی دووەمی پێڕستی وەسفیی دەستنووسەکانی “بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین” کە بەڕێز حسێن حەسەن کەریم، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بنکەی ژین و بەرپرسی بەشی دەستنووسەکانی و مامۆستای کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆی سلێمانی، بەو ناونیشانەی لای سەرەوە بە ڕەنج و کۆششی چەند ساڵێک ئامادەی‌کردووە، لە چاپخانە دەرچوو و ئەم ڕۆژانە بڵاودەبێتەوە. جێگەی باسە، زانکۆی سلێمانی، لە چوارچێوەی نووسراوی لێک‌تێگەیشتنی نێوان هەردوو لادا، بە سپاس و پێزانینێکی زۆرەوە، خەرجیی لەچاپدانیی کێشاوە. ئەم کتێبە دەستنووسەکانی بەپێی زانستەکان تێدا پۆلێن‌کراون و وەسفێکی وردیان کراوە. دەستنووسەکان ٢٤٣ دانەن و بەسەر بابەتەکانی: القرآن الکریم علومە وتفسیرە، الحدیث وعلومە، علم الکلام، الأدعیة والأذکار والمواعظ، الفقە الاسلامي وأصولە، التصوف، علم الصرف، علم النحو، علم البلاغة، علم الوضع، علم الحساب، علم الطب والصیدلة، التأریخ والسیر، القاموس، الأدب، المجامیع‌دا دابەش‌کراون. کتێبەکە کە ٥٤٤ لاپەڕەی وەزیرییە و چاپێکی نایاب کراوە، کەلێنێکی دیاری کتێبخانەی کوردی پڕدەکاتەوە و زانیارییەکی بەسوود و هەمەلایەنە سەبارەت بە هەر دەستنووسێک دەخاتە بەردەستی ئەوانە کە لە بواری دەستنووس‌دا کاردەکەن. بەرگی سێیەمیش کاری تێدا دەکرێ.