بڵاوبوونەوەی چاپێکی نوێی “دیوانی حەریق”

بنکەی ژین لەم ڕۆژانەدا دەقێکی نوێ و ساغکراوە و بێ‌کەم‌وکووڕیی “دیوانی حەریق”ی چاپ و بڵاوکردەوە. بەڕێز سەید عەبدولحەمید حوسێنی (سەپان) پشتبەستوو -بە شێوەیێکی سەرەکی- بە دەستنووسێکی هاوزەمانی ژیانی شاعیر نووسراو، کە مەحموود نیعمەت‌زادە لە ١٣١٢ک دا نووسیویەتیەوە، شیعرەکانیی ساغکردووەتەوە و لێکی‌داونەوە. ئەو شێوازی ساغکردنەوەیە لای ئێمە، ڕەنگە دووەمین جار بێ، پاش ئەوەی خودابەخشیو دکتۆر ئەمین موتابچی کە لە دیوانی مەلا عەلی‌دا پێڕەوەی‌کردووە؛ دەقی شیعرەکانی وەک خۆیان و چۆن لە دەستنووسەکەدا هاتوون، نووسیوەتەوە، پاشان بەیت بە بەیت بە ئیملای ئێستە نووسیونیەوە و قسەی لەسەر کردوون.

ئەم کتێبە ٣٣١ لاپەڕەی پێوانە (١٧×٢٤سم)ە و زۆرترین شیعری دروست و ساغکراوەی لەخۆگرتووە، شایانی خوێندنەوەیە.