بنەماڵەی مەلا ئیبراهیمی فیراقی شەش دەستنووس پێشکەشی بنکەی ژین دەکەن

پێش‌نیوەڕۆی دووشەممە ٢٠٢٤/٤/٢٢ بەڕێزان حامید و محەمەد سەعید کوڕانی مەلا نووریی حاجی مەلا مستەفا، وەک پێشتر گفتیان‌دابوو، بە سوپاس و پێزانینێکی زۆرەوە، لە دەست‌پێشخەرییەکی دڵسۆزانەدا شەش دەستنووس و هەندێ لاپەڕەی‌تری دەستخەتی‌ پەرش‌وبڵاوی زانا و ئەدیبی کورد مەلا ئیبراهمی فیراقیی باپیرەگەورەی بنەماڵەکەیان، بە دیاری
پێشکەشی بنکەکەمان کرد و بنکەیان بە شوێنێکی هەرە ئەمین و گونجاو زانی بۆ پاراستن و زیندووکردنەوە.

بنکەی ژین، لای خۆیەوە بە گەرمی سوپاسگوزاری ئەم بنەماڵە بەڕێزەیە کە قەدری سامانی کەلەپووریی شارستانیی کوردەوایی زانیوە و ئەم شاکارە گرانبەهایانەی پاراستووە و دواجار پێی‌سپاردووە. بەم بۆنەیەیشەوە، ڕوو لە پەرۆشان و خەمخۆرانی بواری دەستنووسی کوردی دەنێ، هیممەت‌بکەن و هەر دەستنووسێکی‌تری ئەم زاتەیان کەوتووەتە لا، هەر هیچ نەبێ، ڕێی‌بدەن وێنەی ئەلکترۆنییان لێ‌بگرێتەوە و بیانخاتە تەک ئەم دەستنووسانە، تا بەرهەمەکانی ئەم ئەدیب و زانایەی کوردەواری لە فەوتان ڕزگاربکرێن و ئەمەودوا هەوڵ بۆ زیندووکردنەوەیان بدرێ.