بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین و پەیمانگەی زەهرا

پەیمانگەی زەهرا: ناوەندی لێکۆڵینەوە و قوتابخانەی خوێندنی باڵا
سەعات ٥ی ئێوارەی ڕۆژی سێ‌شەممە ٢٠٢٣/٩/١٢، بە دەست‌پێشخەری و ڕێکخستنی بەڕێز دکتۆر مەتین ئاتمەجە، کۆبوونەوە و دیدارێک لە ڕێگەی بەرنامەی زوومەوە ڕێک‌خرا، بەڕێزان دکتۆر موجاهید بیلجی، بەڕێوەبەری کاروباری ئەکادیمیی “پەیمانگەی زەهرا- ناوەندی لێکۆڵینەوە و قوتابخانەی خوێندنی باڵا” و دکتۆر سەڵاح محەمەد عەزیز و سدیق ساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی “بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین”، بەشدارییان تێدا کرد.
سەرەتا د. مەتین ئامانجی دیدارەکەی ڕوون‌کردەوە کە هەوڵدانە بۆ بنیاتنانی پردی پێوەندی و هاوکاریی زانستی لە نێوان بنکەی ژین و پەیمانگەی زەهرادا لە شیکاگۆ- ئەمریکا.
پاشان هەر یەکە لە د. موجاهید و سدیق ساڵح باسی کاروبار و ئەرک و ئامانجی دەزگاکەی خۆیان کرد. پاش وتوووێژ و باس‌وخواسێکی یەک‌سەعاتی، کە د. سەڵاحیشی تێدا بەشدار و قسەکەر بوو، سەرەنجام هەندێ خاڵ گەڵاڵەکرا، تا ئەمەودوا کاریان لەسەر بکرێ بۆ خزمەتی هەردوو لا، وەک: ١. ئیمزاکردنی نووسراوی لێک‌تێگەیشتن لە نێوان هەردوو لادا، ٢. زەهرا هەوڵ‌بدا مەشقی زانستی بۆ کارمەندانی ژین فەراهەم‌بکا بۆ گەشەپێدانی زانستییان، ٣. توێژەرەوەکانی زەهرا کەڵک لە کۆکراوەکەی ژین ببینن بۆ کارە زانستییەکانیان، ٤. بەستەری پێگەی ئەلکترۆنیی هەردوو لا لە پێگەی یەکتردا دابنرێ، وەک ڕێگەیێک بۆ ناساندنی ژین لە ئەمریکا، ٥. هەوڵ‌بدرێ کۆنفرانسی هاوبەش بە باربووی هەردوو لا سازبکرێ سەبارەت بە لێکۆڵینەوەی کوردی، ٦. خولی تایبەت ڕێک‌بخرێ، کە پسپۆڕانی ئەمریکی دەرسی سەبارەت بە کتێبخانە و ئەرشیف بڵێنەوە. ٧. زەهرا، لە چارەسەری کێشەی پێڕستکردنی بەڵگەنامەدا، یارمەتیی زانستی و تەکنیکی بۆ ژین پەیدابکا.
جگە لەوە، قسە سەبارەت بە مێژووی سەرهەڵدانی چالاکیی کوردی لە ئەمریکا کرا و دکتۆر سەڵاح چەردەیێکی ئەو مێژووەی گێڕایەوە، لە کاتێک‌دا ئێستە هەوڵێک لە گۆڕێدایە بۆ لێک نزیککردنەوە و پێوەندیی نێوان ناوەند و دەزگا کولتوورییە کوردییەکانی ئەو وڵاتە.