ئەرشیفی پەروەردە و داخوازییەکی خەمخۆرانە

“بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین” لە سەرەتای پارەوە ژوورێکی تەلاری خۆیی تەرخان‌کردووە بۆ “ئەرشیفی پەروەردە” و بەڕێز مامۆستا حەمەعەلی محەمەد مەعرووف بە خۆبەخشی خەریکی سەرپەشتییەتی و خاتوو کەنار حەسەن عەبدوڵایش بە هەمان شێوە بە خۆبەخشی لە ڕێکخستن و ئامادەکردنی‌دا هاوکاریەتی.
بنکەکەمان ئامانجیەتی هەموو کتێبەکانی بەرنامەی خوێندنی ئەم وڵاتە، هەر لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانییەوە، تا دەورانی حوکمی پاشایەتی و کۆماری و ئێستە، جا بە هەر زمانێک بێ، بەبێ جیاوازی کۆبکاتەوە و وێنەی ئەلکترۆنییان بگرێتەوە و جارێکی‌تر بیانخاتەوە بەردەستی خوێندەواران و توێژەرەوەکان و خوێندکارانی خوێندنی باڵا، بۆ کارلەسەرکردن و لێکۆڵینەوە.
ئەم کارە لە لایێکەوە هەوڵێکە بۆ کۆکردنەوەی یادگارێکی گرانبەهای مێژوویی و لە لایێکی‌ترەوە دابینکردنی سەرچاوەیێکی گرنگە بۆ خوێندنەوە و زانینی فەلسەفەی پێ‌خوێندن لەم وڵاتە. بنکەکەمان، لەم ڕووەوە ئەوەندەی پێی‌کرابێ توانیویە بە هاوکاریی دۆستان و دڵسۆزان بڕێکی باشیان لێ‌پەیدابکا و بپارێزێ، بەڵام هێشتا لێرەوەلەوێ هەست بە هەبوونی کەموکووڕی دەکرێ.
بنکەی ژین، لە کاتێک‌دا خۆی بە پڕۆژەیێکی ئەرشیفیی زانستیی هەمووان دەزانێ بۆ بنیاتنانی بناغەی یادەوەری (ذکرة)ییەکی کوردستانی و خزمەتکردنی ڕاستی و مێژوو، لێرەوە بە پێویستی دەزانێ ڕوو لە هاووڵاتی و خەمخۆرانی کەلەپووری شارستانیی کوردەواری بنێ، لەم لایەنەوە هاوکار‌بن و هەر کتێبێکی پێ‌خوێندنی بەتایبەت کۆن شك‌دەبەن، هیچ نەبێ ڕێگە‌بدەن وێنەی ئەلکترۆنییان بگیرێتەوە. پێشەکیش سپاسیان‌دەکەین و بەدڵنیاییشەوە ناویان لە تۆماری خزمەتی مەعنەویی گەل و وڵات‌‌دا ون‌نابێ.