ئیمزاکردنی نووسراوی لێک‌تێگەیشتن لەگەڵ زانکۆی کوردستان- سنە

سەعات ١ی پاش‌نیوەڕۆژ چوارشەممە ١٧ /٤ /٢٠١٩ شاندێکی زانکۆی کوردستان لە سنە کە پێک‌هاتبوو لە بەڕێزان دکتۆر بیهرووز چەمەن‌ئارا و دکتۆر نەوید کەماڵەددین نەقشبەندی، سەری لە بنکەی ژین دا. هەردوو لا -بەپێی ڕێککەوتنێکی پێشتر- بڕیاریان دابوو بە نووسراوێکی لێک‌تێگەیشتن پێوەندی و کاروباری زانستیی نێوانیان ڕێک‌بخەن. لەبەرئەوە نووسراوێکی ئامادەکراوی لێک‌تێگەیشتنیان ئیمزاکرد. هاوکات ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بنکەی ژین، لەو ڕوانگەیەوە کە “ناوەندی کوردستان‌ناسی”ی تازەدامەزراوی ئەو زانکۆیە، پێویستی بە هاوکاریی زانستی هەیە، لای خۆیەوە هاردێکی پڕ لە کەرەستەی وێنەگیراوی ئەلکترۆنیی لە کۆکراوەکانی بنکە ئامادەکردبوو، بە دیاری پێشکەشی شاندەکە کرا. گفتی ئەوەیشیان پێ درا ئەمەودوا سەرچاوەی جیاجیای لێکۆڵینەوە بۆ ئەو ناوەندە دابین‌بکەن. لە کۆتاییدا هەردوو لا هیواخوازی ئەوەبوون کە پێوەندییەکانیان لە پاشەڕۆژدا ببەنە ئاستێکی بەرزتر.