کۆچی یەکجاریی دکتۆر سوعاد محەمەد خدر

بنکەی ژین، درەنگ‌وەخت و بە داخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی یەکجاریی ڕۆشنبیر و نووسەر و مامۆستای زانکۆ و وەرگێڕی گەورەی عیراقیی بەهەڵوێست و دۆستی کوردی بە ئەسڵ میسری، د. سوعاد محەمەد خدری پێ‌گەیشت، کە مخابن زۆر بەبێ‌دەنگی ماڵئاواییی لێ‌کردین! ناوبراو هەم وەک مامۆستایەکی لێهاتووی زانکۆ و هەم وەک دانەر و وەرگێڕ و ڕۆژنامەنووسێکی پەیامدار خزمەتێکی گەورەی بە بواری ڕۆشنبیریی عیراقی کردووە و کۆمەڵێک کتێبی بە دانان و وەرگێڕان بەرهەم‌هێناوە.

لەوانە:

١. الادب الجزائري المعاصر، المکتبة العصریة- صیدا، ١٩٧٦.

٢. میخائیل م. جونتر، الأکراد ومستقبل ترکیا، (ترجمة من الانکلیزیة)، مرکز کردستان للدراسات الاستراتیجیة، السلیمانیة، ٢٠٠٧.

٣. الاتحاد السوفیتي: النشأة والانهیار، دار دجلة للنشر والتوزیع، بغداد، ٢٠١٩، و چەندانی‌تر.

لە ساڵی ٢٠١٢ بەدوایشەوە هاوکارێکی دڵسۆز و کارامە و لەخۆبوردووی بنکەکەمان بوو و ٩ نۆ کتێبی گرنگی لە هەردوو زمانی فەڕەنسەیی و ئینگلیزییەوە بۆ وەرگێڕایە سەر عەرەبی، کە ئەمانەن:

١. مردخای زاكن، یهود كردستان ورؤساؤهم القبلیون دراسة في فن البقا‌ء، مطبعة شڤان، السلیمانیة، 2011؛ ط2، شركة المطبوعات للتوزیع والنشر- بیروت، 2013 (مشروع مشترك مع المركز الأكادیمي للأبحاث- الكوفة).

٢. ولیم هوید، رحلة من ساحل مالابار الی القسطنطینیة، مطبعة شڤان، السلیمانیة، 2011.

٣. توما بوا، الیزیدیون وأصولهم الدینیة ومعابدهم والأدیرة الكنسیة في كردستان العراق، مطبعة شڤان، السلیمانیة، 2011؛ ط2، شركة المطبوعات للتوزیع والنشر، بیروت، 2013 (مشروع مشترك مع المركز الأكادیمی للأبحاث- الكوفة).

٤. عصمت شریف وانلي، كردستان العراقیة هویة وطنیة دراسة فی ثورة 1961، مطبعة شڤان، السلیمانیة، 2012.

٥. روبرت أولسون، الدما‌ء، عقائد وأصوات الاقتراع – القضیة الكردیة والتعامل معها في تركیا 2007-2009، مطبعة شڤان، السلیمانیة، 2013.

٦. صلاح جمور، أصول القضیة الکردیة، مطبعة ژین، السلیمانیة، ٢٠١٩.

٧. فریدریک میللینگن (عثمان سیفي بک)، ترکیا في عهد السلطان عبدالعزیز ١٨٦٢-١٨٦٧، مطبعة ژین، السلیمانیة، ٢٠٢٠.

٨. روبرت اولسون، الحرکات القومیة الکردیة في ترکیا ١٩٨٠-٢٠١١، الظلم، المقاومة، الحرب، التعلیم بلغة الأم و، العلاقات مع حکومة إقلیم کردستان، طبعة ژین، السلیمانیة، ٢٠٢٠.

٩. الدکتور نجاة عبداللە، إمبراطوریات، الحدود والقبائل الکردیة: کردستان ونزاع الحدود بین ترکیا وإیران ١٨٤٣-١٩٣٢، طهران، ٢٠٢٠ (مشروع مشترک مع دار جمال عرفان الثقافیة- السلیمانیة).

بنکەکەمان، لە کاتێک‌دا سەرخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی و کەسوکار و دۆستانی و زانستکاران دەکا، جێ‌وڕێ و هەڵوێست و کار و خەباتی مەدەنیی ئەم مامۆستا بەڕێزە، یەکجار بە شایستەیی هەڵدەسەنگێنێ و کۆچی پاش تەمەنێکی پڕ لە چالاکی و بەخششی گرانبەهای زانستی و ڕۆشنبیری، بە زیانێکی قەرەبوونەکراوەی ڕۆشنبیریی پێشکەوتنخوازی عیراقی دادەنێ. ئەو ئازایەتی و بوێرییە کە خۆی و دکتۆر سەڵاح خاڵصی هاوسەری لە هەموو سەردەمێک‌دا و بەتایبەت سەردەمی باڵادەستیی بەعس‌ نوواندیان، بەتایبەت لە ڕێگەی گۆڤاری نایاب و گرانبەهای “الثقافة”وە، کە هەموو ژمارەیێکی کەم‌وزۆر چەند لاپەڕەیێکی بۆ ڕۆشنبیریی کوردی تەرخان‌کرابوو، لە مێژووی ڕۆشنبیریی عیراقی‌دا کەم‌وێنەیە و شایانی بەرز نرخاندن و ڕێزلێنانێکی دڵسۆزانەیە.

یادی ئەو دوو ڕۆشنبیرە مرۆدۆستە مەزنەی عیراق بەخێر.

ژیاننامەی دکتۆر سوعاد محەمەد خدر:

دکتۆر سوعاد کچی قازییەکی بەناوبانگی میسرە، ١٩٢٨ لە قاهیرە لەدایک‌بووە. دکتۆرای لە زمانی فەڕەنسەیی‌دا هێناوە. ١٩٥٣ وەک مامۆستا لە بەشی زمانی فەڕەنسیی کۆلیجی ئاداب و زانست (کلیة الآداب والعلوم)ی زانکۆی بەغدا دامەزراوە و لە دیسەمبەری هەمان ساڵ‌دا وڵاتنامەی عیراقیی وەرگرتووە. ١٩٥٤ لەگەڵ دکتۆر سەڵاح خاڵص و چەند مامۆستایێکی‌تر چوار ژمارەیان لە گۆڤاری “الثقافة الجدیدة” دەرکردووە، حکوومەت لەبەر چەپڕەوییەکەی دایخستووە.

لە سەرەتای حوکمی کۆماری‌دا، وێڕای مامۆستایی، وەرگێڕی فەڕەنسیی عەبدولکەریم قاسم بووە و ژمارەیەکی‌تریان لە گۆڤارەکەیان بڵاوکردووەتەوە و پاشان حیزبی شیووعیی عیراق ئیمتیازەکەی لێ‌وەرگرتوون. ١٩٦٣ کە بەعسییەکان هاتوونەتە سەر کار، لە وەزیفە دەریان‌کردووە. پاش چەند مانگێک لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی چووەتە مۆسکۆ، دەرسی زمانی فەڕەنسی و وەرگێڕانی لە زانکۆی مۆسکۆ وتووەتەوە و کتێبی ڕووسیشی وەرگێڕاوە، لەوانە “الدولة والقانون” بە عەرەبی و فەڕەنسی. پاش یەک‌دوو ساڵێک بووەتە سەرۆکی بەشی عەرەبیی ئاژانسی هەواڵی حکوومیی (تاس). ١٩٦٧ کە دکتۆر عەبدولڕەحمان بەزازی سەرۆک‌وەزیرانی عیراق سەری لە مۆسکۆ داوە، ئەویشی پاش کۆتاییی ئەو ساڵەی خوێندن هێناوەتەوە بۆ بەغدا و لە کۆلیجی زمان “اللغات” دەست‌بەکاربووە. ١٩٧١، لە دووەم سەردەمی حوکمی بەعس‌دا، لە مامۆستایی لابراوە. شوباتی ئەو ساڵە یەکەم ژمارەی گۆڤاری “الثقافة”ی لەگەڵ دکتۆر سەڵاح خاڵصی هاوسەری دەرکردووە، کە ١٨٠ ژمارەی تا شوباتی ١٩٨٨ لێ‌دەرچووە، ساڵانی ١٩٨٤-١٩٨٧ نەبێ کە وەستا، چونکە (دار الحریة للطباعة) کاغەزی چاپی بەهۆی قەیرانی شەڕی عیراق- ئێرانەوە لێ‌گرتەوە. پاش کۆچی‌دواییی دکتۆر سەڵاحی هاوسەری، چووەتە یەمەن و وەک مامۆستا لە زانکۆی سەنعا کاری‌کردووە.

پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس گەڕاوەتەوە بۆ بەغدا و وەک نووسەر و وەرگێڕ درێژەی بە کاری ڕۆشنبیریی خۆی داوە، تا لە ڕۆژی ٢٠٢٣/٦/٢٦دا بە بێ‌دەنگی سەری‌ناوەتەوە و بەخاک سپێردراوە.