هێنانەوەی بەشێکی‌تر لە کۆکراوەکەی تۆفیق وەهبی‌بەگ

ڕۆژی ٢٠٢٤/٣/١٧ خاتوو ڕێناس حەسەن بابەکر، کە خۆی و کاکە یاد هەڤاڵی هاوسەری هاوکار و پشتیوانێکی خۆبەخشی بنکەکەمانن، بە سوپاس و پێزانینێکی زۆرەوە، بۆ سێیەم جار بەشێکی‌تری لە پاشماوەی کۆکراوەکەی بەهەشتی تۆفیق وەهبی‌بەگی لە لەندەنەوە گەیاندەوە بنکەی ژین.

ئەم بەشە بریتییە لە هەشت دەستنووس و خەنجەرێکی تایبەت کە کاتی خۆی هەر بۆ جوانی بەکارهاتووە. خەنجەرەکە، کە دەستکردی دوادواکانی سەدەی نۆزدەهەمی ناوچەی کوردەواری خۆیەتی، دەم ١٢ گرێی ‌چەماوەی دەسک و کێلان ڕووپۆشکراوی زیوینی نەخشدار و پڵپڵەدار و درێژیی بە کێلانەوە ٢٤ گرێیە. گەورەپیاوانی ڕۆژگاری خۆی، ئەم خەنجەرەیان بۆ جوانی بە قەدیان‌دا کردووە، وەک لەم وێنە بڵاوکراوەیەی کتێبەکەی خاتوو سۆزان میسیلاس‌ “کوردستان لە سێبەری مێژوودا Kurdistan in the Shado of the History”دا دەیبینین.

جێگەی باسە، ئەم بەشەی کۆکراوەکەیش هەر لەلای خودابەخشیو خاتوو ڕۆزمێریی هاوسەری دکتۆر سزا تۆفیق وەهبی بوو، کە پێش دوو مانگ بە نەخۆشیی شێرپەنجە کۆچی‌دواییی کرد، یادی ئەویش بەخێر و دیسان سوپاس بۆ هاوکارییەکانی خاتوو ڕێناس و کاکە یاد.