بەرگریی شارستانیی سلێمانی و خولێکی ئاگرکوژاندنەوە

ڕۆژی دووشەممە ٢٠٢٤/٢/٢٦ بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سلێمانی -بە سوپاس و پێزانینەوە- بە داوای ئیدارەی بنکەکەمان خولێکی ڕێ‌وشوێنەکانی ئاگرکوژاندنەوەی لە ژووری کۆبوونەوەی بنکەی ژین بۆ سەرجەمی ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و کارمەندانی یەکە و بەشەکان ڕێک‌خست.
بەڕێز مولازمی یەکەم ئاکار جوامێر ئەوڕەحمان وەک مامۆستا و شارەزا وردەکاریی ئەم لایەنە زۆر پێویستەی هەنگاوبەهەنگاو شی‌کردەوە و زانیاریی پێویستی سەبارەت بە جۆرەکانی ماددەی ئاگرکوژاندنەوە و چۆنایەتیی بەکارهێنانیان و ڕێ‌وشوێنی گیراوەبەری هەر دۆخێکیان ڕوون‌کردەوە.
پاشان بەشدارانی خولەکە پرسیاری خۆیان کرد و وەڵام‌درانەوە و بەشداران بەگشتی سوودێکی زۆریان لە خولەکە بینی. ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بنکەی ژین سوپاسگوزاری بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانییە، کە -وەک فەرمانگەییکی گرنگی شارەکەمان-نەخشێکی بەرچاوی لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی خۆپاراستن و زانیاریی ژینگەپارێزی‌دا هەیە؛ هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنیان بۆ دەخوازێ.