وێنەیێکی دەگمەنی مەحموود جەودەت

مەحموود جەودەت کوڕی ئەحمەد جەودەت کوڕی مەحموودئاغا چکۆلەی بە ئەسڵ لە ئاغاکانی زەنگەنە (١٨٨٨-١٩٣٧/١١/٢٠)، ئەفسەری سوپای عوسمانی (١٩٠٩-١٩١٩)، ئەفسەری یەکەم حوکمداریی کوردستان بە سەرکردایەتیی شێخ مەحموودی حەفید (١٩١٨/١١/١٧-١٩١٩/٦/١٨)، ئەفسەری سوپای عیراقی (١٩٢٣/٥/٢١-١٩٣٠)، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی: کۆمەڵی سەربەخۆیی کوردستان- سلێمانی (١٩١٩-١٩٢٠)، یانەی سەرکەوتنی کوردان- بەغدا (١٩٣٠) و کۆمەڵی سەربەخۆییی کوردان- پیران (١٩٣٠)، خاوەندی ئەم بەرهەمانەیە: ١. پڕۆفیسۆر ج. ئـ . سلمنت، بەهائوڵا و دەوری نوێ، چاپخانەی مەعاریف- بەغداد، ١٩٣٣، ٣٣٦ل (وەرگێڕان لە فەڕەنسەیییەوە)، ٢. پۆڵەندە وەیا لەهستان، چاپخانەی مەعاریف- بەغداد، ١٩٤٠، ٢٣٧ل.
تا ئێستە تەنیا وێنەیێکی بڵاوکراوەی هەبووە، کە لە کتێبی یەکەمی خۆی‌دا بڵاوبووەتەوە. ئەم وێنەیەی ئێستە کە بۆ یەکەم‌جار بڵاودەکرێتەوە، لەناو کۆکراوەکەی نووسەر و ڕۆشنبیری گەورە بەهەشتی ڕەفیق حیلمی‌دا بوو، کە بنەماڵە بەڕێزەکەی -بە سپاس و پێزانینەوە- پیشکەشی “بنکەی ژین”یان کردووە.