دیارییەکی بەنرخی مامۆستا شەوکەت مەلا ئیسماعیل

بەڕێز مامۆستا شەوکەت مەلا ئیسماعیل، نووسەر و تێکۆشەری دێرین، ڕۆژی یەک‌شەممە ٢٠٢٣/٩/١٠ سەری لە بنکەکەمان دا، هەموو بەشەکانی لەگەڵ بەسەرکرایەوە.

بەڕێزیان شادمان‌بوو بە بینینی کۆکراوە هەمەجۆر و گرنگەکەی بنکەی ژین و لای خۆیەوە بەڵێنی هەموو شێوە هاوکارییەکی دا. شەوی دووشەممە ٢٠٢٣/٩/١١ -بە سپاس و پێزانینێکی زۆرەوە- نوسخەیێکی ئەسڵیی کتێبی Elementary Kurmanji Grammerی دانراوی کوردناسی ئینگلیز مێجەر ئێلی بانستەر سۆنی بە دیاری پێشکەشی یەکەی کتێبخانەی بنکەکەمان کرد.

کتێبەکە کە ١٩١٩ لە چاپخانەی حکوومەت لە بەغدا لەچاپ‌دراوە و ١٩٧ لاپەڕەی پێوانە ١٢×١٨سمە، لە ڕاستی‌دا ڕێبەرێکی سەرەتایییە سەبارەت بە ڕێزمانی کوردی بۆ ئەو ئەفسەر و کەسانە کە لە باشووری کوردستان کاریان‌کردووە، لە ٨٦ لاپەڕەی تایبەت بە ڕێزمان و ١١٠ لاپەڕەی وشەدانێکی ئینگلیزی- کوردی پێک‌هاتووە.

ئەم کتێبە بە ئیمزای سۆن لە ١٩١٩/١٢/٢٦دا پێشکەشی حەمدی‌بەگی بابان کراوە، بەم شێوەیە:

بۆ حەمدی‌بەگی بابان، بە سپاسگوزاریی دانەر، سلێمانی ١٩١٩/١٢/٢٦

(To Hamdi Beg Baban, with the compliments of the Auther, Sulaimania 26.12.1919).

حەمدی‌بەگ کوڕی محەمەدڕەشیدپاشای خدێو کوڕی سڵێمان‌پاشای بابانە (١٨٧٠-١٨/١١/١٩٦٠، لەندەن)، پاش دوورخرانەوەی شێخ مەحموودی حەفید بۆ هیندستان، پاڵێورا بۆ جێ‌گرتنەوەی و سەری‌نەگرت. مەلیک فەیسەڵی یەکەم دەستی بەسەر هەموو زەوی‌وزارەکانی‌دا گرت لە حارسییەی ڕۆژاوای شاری بەغدا، ئەویش ئامادەنەبوو پارەیان لەبری وەربگرێ و کێشەکەیی گەیاندە دادگا و تاسەر دوای‌کەوت و هیچی بۆ نەکرا. دوادواکانی ژیانیی بە ناخۆشی و نەبوونی بەسەربرد. کتێبەکانی کتێبخانە تایبەتەکەی لە بەغدا فرۆشران و دکتۆر مستەفا جواد هەندێکیی کڕی، بیرەوەرییە سیاسییەکانیی لەنێودابووە کە بە تورکی نووسیویە.

جێگەی باسە، مامۆستا شەوکەت ساڵی ١٩٦١ پێوەندیی بە شۆڕشی ئەیلوولەوە کردووە و بە حوکمی ئەوەی ئەفسەری پۆلیس و شارەزای خوێندنەوە و شیکردنەوەی جفرەی دەزگای بێ‌تەل بووە، ١٩٦٢ یەکەم “ئیستگەی بێ‌تەلی ئاراس”ی لەناو شۆڕش‌دا دامەزراندووە و بیرەوەرییەکانی ئەو ڕۆژانەی تا کۆتاییی شۆڕش بە کتێبێک نووسیوەتەوە. بەڕێزیان خزمەتێکی گەورەیشی لە بواری فەرهەنگنووسیی کوردی‌دا کردووە و چەند بەرهەمێکی بەنرخی وەک فەرهەنگ بڵاوکردووەتەوە:

١. فەرهەنگی کوردی- ئینگلیزی، دار الوثائق، بەغدا، ١٩٨٩.

٢. ڕەنجنامە، ئەڵمانیا، ٢٠٠٠.

٣. توفيق وهبي، بقايا الميثرائية في الحضر وكردستان العراق وآثارها في الإيزيدية، ترجمه عن الإنگليزية: شوكت ملا اسماعيل حسن، من منشورات رئاسة بلدية السليمانية، السليمانية، ٢٠٠٤.

٤. ڕۆژانێ لە مێژووی شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، التفسیر بۆ بڵاوکردنەوە و ڕاگەیاندن، چاپخانەی پەروەردە، هەولێر، ٢٠٠٧.

٥. فەرهەنگی شوان: کوردی- کوردی، کتێبخانەی التفسیر، چاپخانەی پەردەردە، هەولێر، ٢٠٠٧.

٦. پەندی پێشینان و هەندێ زاراوەی کوردی- ئینگلیزی، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپخانەی سەردەم، سلێمانی، ٢٠٠٩.

٧. فەرهەنگی مامۆستا: هاوواتای کوردی- ئینگلیزی، کتێبخانەی التفسیر، ئەستەنبووڵ، ٢٠١٢.

8. Days from the Kurdish Movement 1961-1975, Translated by Salah A. Irfan, 1st Edition, 2018.

٩. نووسین و شیکردنەوەی جفرە، کتێبخانەی هەژار موکریانی، ٢٠٢٠.

١٠. حەکیمی کوردەواری، التفسیر بۆ بڵاوکردنەوە و ڕاگەیاندن، هەولێر، ٢٠٢٢. (بە هاوبەشی لەگەڵ سامان میرزا سدیق)

١١. فەرهەنگی مامۆستا ئینگلیزی- کوردی، ئامادەکراوە بۆچاپ.

تەمەنی درێژ بە لەشی ساغ و دڵ و دەروونی ئاسوودەوە بۆ مامۆستا شەوکەت دەخوازین.