ڕێزنان لە بەڕێز دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی

سەعات ١ی پاش‌نیوەڕۆی چوارشەممە ٢٠١٩/٧/٣١ بەڕێز دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، سەری لە بنکەی ژین دا. بەڕێزیان لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی بنکە یەک‌بەیەکی بەشەکانی بنکەیان بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە ئاگاداری شێوەی کار و ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان بوون. پاشان لە “ژووری کۆبوونەوە” گفت‌وگۆ دەست پێ کرا. سەرەتا سەرۆکی بنکە ئەو ڕاستییەی ڕوون‌کردەوە کە پارێزگای سلێمانی، بە ئەنجومەنەکەیەوە، هەر لە سەردەمی پارێزگاریی بەڕێزان دانا ئەحمەد مەجید، بەهرۆز قەشانی و ئاسۆ فەرەیدوونەوە تا سەردەمی بەڕێز پارێزگاری ئێستا، هەمیشە پشتیوان و هاوکار و خەمخۆری بنکەی ژین بوون و چییان پێ کرابێ بۆ دابینکردنی پێویستییەکان و چارەسەری کێشەکانی، درێغییان نەکردووە و دڵسۆزانە بەسەریان‌کردووەتەوە. لەبەرئەوە ئەنجومەنی بنکە بە پێزانین و سپاسەوە ئەو هەڵوێستە بەرزە هەڵدەسەنگێنێ و هیوادارە ئەم پێوەندی و هاوکارییە بەردەوام بن. پاشان کۆمەڵێک پێویستیی خستە بەرچاو. ئەمجا بەڕێزیان، وەک سەرسامیی خۆی لە ئاستی شاکارەکانی بنکەی ژین‌دا دەربڕی و ئەم دەزگایەی بە تەلارێکی شارستانی و نموونەیەکی بەرزی زانستیی بە هەوڵ و دڵسۆزی و پشوودرێژی بەرهەمهاتووی پاش ڕاپەڕین دانا، کە شایانی هەموو ئاوڕلێدانەوەیەکی جیددی و ناچارییە؛ گفتیشی دا زۆری ئەم پێویستییانە دابین‌بکا.