ڕێزلێنانی بنکەی ژین

بەڕێوەبەر و ئەندامێکی ئەنجومەنی بنکەی ژین، ڕۆژی پێنج‌شەممە ١٨/ ١٢/ ٢٠١٨ لە سەردانێکی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی‌دا، بەڕێز تاهیر عەبدوڵڵا قادر، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەیان بینی. بەڕێزیان، پاش بە وردی باسکردنی شێوەی کاروباری فڕۆکەخانە، بە گەرمی سپاسی ئەنجومەن و کارمەندانی بنکەی کرد، کە تا ئێستا توانیویانە خزمەتێکی گەورەی کوردەواری بکەن، لە ڕێگەی کۆکردنەوە، پاراستن و زیندووکردنەوەی سامانی بەڵگەنامە، دەستنووس، کتێب و ڕۆژنامەوانیی کوردی‌یەوە. هەر لەو سەردانەدا بەڕێزیان خەڵاتێکی ڕەمزیی ڕێزلێنانی پێشکەشی بنکە کرد و هیواخواز بوو کاروبارەکانی بنکە باشتر و پێشکەوتووتر و گەشەکردووتر بن. شاندەکەی بنکەیش، سپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی و سەرکەوتنی بۆ بەڕێزیان و بەڕێوەبەرایەتییەکەی خواست، کە نموونەیەکی بەرزی بەڕێوەبردن و کاری سیستەمداری شارستانییان پێشکەشی شار و گەل و نیشتمانەکەمان کردووە.