کۆچی‌دواییی کوردناسی ئەمریکایی: ڕۆبەرت ویلیام ئۆڵسۆن

ئەم ڕۆژانە بنکەکەمان، بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین، بە داخێکی زۆرەوە، هەواڵی مەرگی کوردناسی ئەمریکایی، پڕۆفیسۆر ڕۆبەرت ویلیام ئۆڵسۆنی پێ‌گەیشت.

ئەم زاتە بەرهەمە بڵاوکراوەکانی بە کتێب و وتار و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمییەوە، گەواهی بۆ ئاستی بەرزی ناوازەیی و بایەخی زانستیی لەڕادەبەدەری کارە زانستییەکانی دەدەن، کە لەو ڕێگەیەوە خزمەتێکی زۆری مێژووی نوێ و هاوچەرخی کوردی پێ‌کردووە. بنکەکەمان ساڵانێک بوو بەدوای بەرهەمەکانی‌دا دەچوو و لە هەوڵی وەرگێڕانیان‌دا بوو، بۆ کوردی یا عەرەبی، بۆ ئاواکردنەوەی کتێبخانەی کوردی و عیراقی؛ ئەوەندەی پێ‌ڕاگەیشت و توانایییە ماددییەکەی ڕێی دا، دوو کتێبیی کردە عەرەبی:

١. روبرت أولسون، الدما‌ء، عقائد وأصوات الاقتراع- القضیة الكردیة والتعامل معها في تركیا 2007-2009، ترجمة: الدكتورة سعاد محمد خصر، مطبعة شڤان، السلیمانیة، 2013، 326ص.

٢. روبرت اولسون، الحرکات القومیة الکردیة في ترکیا ١٩٨٠-٢٠١١، الظلم، المقاومة، الحرب، التعلیم بلغة الأم والعلاقات مع حکومة اقلیم کردستان، ترجمة الدکتورة سعاد محمد خضر، مطبعة ژین، السلیمانیة، ٢٠٢٠، ١٤٧ص.

گیانی پڕۆفیسۆر ڕۆبەرت ئۆڵسۆن شادبێ و یادی بەخێر.

ژیاننامەی:

١٩٤٠/١٢/١٤ لە دەریاچەی شەیتان، داکۆتای باکوور، لە پێرسی بینیت ئۆڵسۆن و کۆنستانس جیسیی باوانی ‌بووە. لە تەمەنی سێ‌ساڵی‌دا، خێزانەکەی گواستوویەتیەوە بۆ دەڤەری لەیک ئۆف وودزی باکووری ویلایەتی مێنیسۆتا و چووەتە قوتابخانەی سەرەتایی، پاشان قوتابخانەی دواناوەندی لە شاری بودیت و ئەمجا زانکۆی ویلایەتی بیمیدجی کە ١٩٦٢ بە پلەی نایاب لێی‌دەرچووە.

ماوەیێکی کورتی ئەوەبەدوا، چووە ناو گرووپی ئاشتی کە تازە پێک‌هێنرابوو و ساڵانی ١٩٦٣-١٩٦٥ لە تورکیا خزمەتی‌کرد. دوایی ڕووی‌کردە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێش ئەوەی پلەی دکتۆرا لە زانکۆی ئیندیانا وەربگرێ و لەوێ چاوی بە جۆدیت لینۆر پیتەرسۆن کەوت و ژیانی خێزانیی لەگەڵ پێک‌هێنا. پێکەوە چوونە ئەستەمووڵ و لەوێ توێژینەوەی تێزەکەیی کرد سەبارەت بە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران، کە پاشتر بە کتێب بڵاوبووەوە. ١٩٧٢-١٩٧٣ لە زانکۆی کلیمسۆن دەستی بە دەرس‌وتنەوە کرد، پێش ئەوەی ٤٧ ساڵی دوایی وەک ئوستادی مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی کنتاکی بەسەرببا. سەرباری ئەوەی کە گەلێک بەخشین (مینحە)ی ئەکادیمیی وەرگرتووە، ساڵی ١٩٩٦ بە ئوستادی توێژەرەوەی زانکۆیی هەڵبژێردراوە و دەست‌نیشان‌کراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی یادگاریی ئەلبێرت د. و ئەلیزابێت هـ. کیروانی لە ١٩٩٩دا و ساڵی خوێندنی ٢٠٠٠-٢٠٠١ بە ئوستادی ناوازەی ئاداب دانراوە.

ئۆڵسۆن چەندین کتێبی وردی لەبارەی ڕووداوە مێژوویییە گەورەکانی هەردوو سەدەی نۆزدەهەم و بیستەم و بیست‌ویەکەمەوە و تایبەت بە چوار وڵاتی جیاجیای وەک عیراق و سووریا و تورکیا و ئێران نووسیوە و پێنجیان کراونەتە تورکی و عەرەبی و فارسی و کوردی و فەڕەنسەیی.

پڕۆفیسۆر ئۆڵسۆن و مایکڵ گۆنتەری هاوڕێی، لە زانکۆی تەکنیکیی تێنیسی، بە دوو دامەزرێنەری لێکۆڵینەوەی کوردی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دادەنرێن و پێکیشەوە چەندەها کتێب و وتار و پێداچوونەوەیان سەبارەت بە کورد و مێژووەکەی نووسیوە و داناوە. هەر ئۆڵسۆن خۆی ١٠ کتێبی لەم بابەتەوە داناوە و سەرپەرشتیی نووسینی چواری‌تریشی کردووە. ٢٠١٥ ڕێز لە ئۆڵسۆن نرا لە لایەن کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کوردیی سەر بە کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بە “خەڵاتی دەسکەوتی تاسەری ژیان لەپای بەشداریی هەڵاواردەی لە بواری لێکۆڵینەوەی کوردی‌دا”. پاش خانەنشین‌بوونیشی لە ٢٠١٠دا، درێژەی بە بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی بۆچوونەکانی دا سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئۆڵسۆن زۆر وتاری بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی لە ڕۆژنامەی لێکسینگتۆن هیراڵد لیدەر و تودەییس زەمانی ڕۆژنامەی ئینگلیزیی شاری ئەستەمووڵ‌دا نووسیوە. ٢٠١٦ مەدالیای Festschriftی بەدەست‌هێناوە و ناونیشانی ئەم بڵاوکراوەیە کە بە شەرەفی ئەوەوە نووسرا و لە ئاهەنگێک‌دا ڕاگەیێندرا “کێشە کوردییەکان: وتارگەلێک بۆ ڕێزلێنانی ڕۆبەرت دەبلیوو ئۆڵسۆن” بوو، کە وتار و بەشداریی ١٣ زانای هەڵاواردەیشی لەخۆگرتبوو. ئۆڵسۆن ئەوەی بە دیارترین ئادگاری ژیانی خۆی لەقەڵەم دا.

پڕۆفیسۆر ڕۆبەرت، پاش بەسەربردنی ٤٩ ساڵ لە لێکسنگتۆن، ٢٠٢٢ لەگەڵ هاوسەرەکەی گواستیەوە بۆ سیاتڵ و ١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ لەوێ سەری‌نایەوە.

کتێبەکانی:

1. The Siege of Mosul and Ottoman-Persian Relations, 1718-1743: A Study of Rebellion in the Capital and War in the Provinces of the Ottoman Empire – January 1, 1975

گەمارۆی مووسڵ و پێوەندییەکانی عوسمانی- فارسی، ١٧١٨-١٧٤٣، لێکۆڵینەوەی یاخیبوونی ناو پایتەخت و جەنگ لە ویلایەتەکانی ئیمپڕاتۆریی عوسمانی، ١٩٧٥.

2. Ba’th and Syria, 1947-1982: The Evolution of Ideology, Party and State from the French Mandate to the Era of Hafiz Al Asad – January 1, 1982

بەعس و سووریا، ١٩٤٧-١٩٨٢: گەشەکردنی ئایدیۆلۆجیا، حیزب و دەوڵەت لە ئینتیدابی فەڕەنسەوە تا سەردەمی حافز ئەسەد، ١٩٨٢.

3. The Kurdish Question and Turkish-Iranian Relations: From World War I to 1998 (Kurdish Studies Series) – January 1, 1998

مەسەلەی کورد و پێوەندییەکانی تورکی- ئێرانی: لە یەکەم جەنگی جیهانییەوە تا ١٩٩٨ (زنجیرەی لێکۆڵینەوەی کوردی)، ١٩٩٨.

4. Turkey’s Relations With Iran, Syria, Israel, and Russia, 1991-2000: The Kurdish and Islamist Questions (Kurdish Studies Series) – January 1, 2001

پێوەندیەکانی تورکیا بە ئێران، سووریا و ڕووسیاوە، ١٩٩١-٢٠٠٠، مەسەلە کوردی و ئیسلامییەکان (زنجیرەی لێکۆڵینەوەی کوردی)، ٢٠٠١.

5. Turkey-Iran Relations, 1979-2004: Revolution, Ideology, War, Coups, and Geopolitics – January 1, 2003

پێوەندییەکانی تورکیا- ئێران ١٩٧٩-٢٠٠٤، شۆڕش، ئایدیۆلۆجیا، جەنگ، کودەتاکان و جوگرافیای سیاسی، ٢٠٠٣.

6. The Goat And the Butcher: Nationalism and State Formation in Kurdistan-Iraq Since the Iraqi War (Kurdish Studies Series) Hardcover – January 1, 2005

بزن و قەساب: نەتەوەخوازی و پێکهێنانی دەوڵەت لە کوردستانی عیراق لە جەنگی عیراقییەوە، ٢٠٠٥.

7. Blood, Beliefs and Ballots: The Management of Kurdish Nationalism in Turkey, 2007-2009 – January 1, 2009

خوێن، باوەڕ و سندووقەکانی دەنگدان: بەڕێوەبردنی نەتەوەخوازیی کوردی لە تورکیا ٢٠٠٧-٢٠٠٩، ٢٠٠٩.

8. The Kurdish Nationalist Movements in Turkey 1980 To 2011: Oppression, Resistance, War, Education in the Mother Tongue and Relations With the Kurdish … (Bibliotheca Iranica Kurdish Studies Series) – January 1, 2011

جووڵانەوە نەتەوەیییەکانی کورد لە تورکیا لە ١٩٨٠وە تا ٢٠١١: سەرکوتکردن و بەرخۆدان و جەنگ و خوێندن بە زمانی دایک و پێوەندییەکان لەگەڵ کورد (زنجیرەی لێکۆڵینەوەی کوردی لە کتێبخانەی ئیرانیکا)، ٢٠١١.

9. Imperial Meanderings and Republican By-ways: Essays on Eighteenth Century Ottoman and Twentieth Century History of Turkey – May 12, 2011

داکەوتنی ئیمپڕاتۆری و ڕێگە لاوەکییەکانی کۆمار: توێژینەوە لە مێژووی سەدەی هەژدەهەمی عوسمانی و سەدەی بیستەمی تورکیا، ٢٠١١.

10. The Emergence of Kurdish Nationalism and the Sheikh Said Rebellion, 1880–1925, 2013

سەرهەڵدانی نەتەوەخوازیی کوردی و ڕاپەڕینی شێخ سەعیدی پیران، ١٨٨٠-١٩٢٥، ٢٠١٣.