گەشتی زانستیی قوتابیانی قوتابخانەی بنەڕەتیی شەهیدانی ٩ی حوزەیران

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەک‌شەممە ٢٠٢٣/٢/١٢، قوتابیانی پۆلەکانی شەشەمی قوتابخانەی بنەڕەتیی شەهیدانی ٩ی حوزەیران، لەگەڵ چەند مامۆستایێکی بەڕێزیان و لە چوارچێوەی گەشتی زانستییان‌دا، سەریان لە بنکەکەمان دا. سەرەتا برانە مۆزەخانەی چاپ و لەوێ قسەی زۆریان سەبارەت بە ژیان و ئەرک و ئامانجەکانی خوێندن و پەروەردە و ڕادەی خەرجی‌کێشانی خێزان و حکوومەت بۆ پێگەیاندنی قوتابی بۆ ڕوون‌کرایەوە و ئامۆژگاری‌کران کە قەدری ئەو بەخششە گەورەیە بزانن و هەر لە ئێستەوە خەونیان هەبێ و بیر لە پاشەڕۆژی خۆیان بکەنەوە. ئەمجا باسی بایەخی چاپ و چاپخانە و ڕەنج و تێکۆشانی پێشینانمان کرا بۆ بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری و خوێندەواری. دوایی ژووری مشتوماڵدانی کەرەستەی ڕۆشنبیری و هۆڵی بەشی کتێب و دواتر بەشی ڕۆژنامەوانییان لەگەڵ بەسەرکرایەوە و پێویستیی کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامە خوێندنەوەیشیان بەگوێ‌دا درا و وەڵامی هەندێ پریسیاریشیان درایەوە.