گرووپی بەدۆکیومێنتکردنی مێژووی هەڵەبجە

ڕۆژی چوارشەممە ٢٠٢٥/٩/١٧ شاندێکی “گرووپی بەدۆکیومێنتکردنی مێژووی هەڵەبجە” کە پێک‌هاتبوو لە بەڕێزان بەختیار نەجمەدین، سەرۆکی گرووپەکە و شەونم محەمەدئەمین کاردۆخی، هەتاو محەمەد سەعید، ئاسۆس کەمال، دانا جەمال، ئاری محەمەد قادر و عومەر محەمەد عەلی، ئەندامانی گرووپ، سەریان لە بنکەکەمان دا. بەڕێز سەرۆکی گرووپ، پاش خۆناساندن و ڕوونکردنەوەی کار و ئەرکەکانی لیژنەکەیان کە مشوورخواردنی کۆکردنەوە و تۆمارکردنی بیرەوەری و بەڵگاندنی وێنە و نووسراو و هەموو شتێکی تایبەت بە ناوچەی هەڵەبجەیە، ئاماژەی بۆ کرد کە بەڕێز ئاسۆی حاجی محەمەدی بامۆک، وەک سەرمایەدارێکی نیشتمانی، بە سوپاس و پێزانینەوە، هاوکاری و پشتیوانیی کردوون و جێگەی کارکردنی بۆ دابین‌کردوون و مەبەستی سەردەنەکەیشیان کەڵک‌وەرگرتنە لە شارەزایی و ئەزموونی دەوڵەمەندی ساڵانیکی بنکەی ژین لە بواری بەڵگاندن و چۆنایەتیی هەڵسووڕاندنی پڕۆژەی لەم شێوەیەدا. پاشان لای خۆمانەوە ئەرک و ئامانجەکانی ‘بنکەی ژین’‌یان بۆ باس‌کرا و ئامادەگیی بنکەیان بۆ هەموو هاوکاری و دەست‌گرتن و پشتیوانییەکی تەکنیکی و ڕاوێژکاری و زانیاری بۆ نوێندرا و هەردوو لاش هیواخوازبوون لەم ڕووەوە درێغی‌نەکرێ و پێوەندییەکان بگەیێندرێنە ئاستێکی بەرزی مایەی پێشکەوتن و گەشەکردن بەتایبەت بۆ لیژنەکە. ئەمجا زۆری یەکە و بەشەکانیان لەگەڵ بەسەرکرایەوە و هەردوو لا چاوەڕوانیی زیاتریان بۆ خزمەتی گشتیی ئەم بوارە گرنگەی ژیانی کولتووریی کوردەواری نیشان دا.