کۆکراوەی ڕۆشنبیریی دکتۆر چیا عەباس

ڕۆژی هەینی ٢٠٢٢/١٠/٢١ دوو جانتا لە کۆکراوەی ڕۆشنبیریی بەڕێز دکتۆر چیا عەباس لە لایەن بەڕێز خالید ڕەزاوە کە بە پێزانینەوە ئەرکی کێشا، لە هۆڵەنداوە هێنرایەوە بۆ شاری سلێمانی و ڕۆژی سێ‌شەممە ٢٥/١٠/٢٠٢٢ ئەو دوو جانتایە لە “بنکەی ژین” کرایەوە و دەرکەوت ١٥ پازدە بەستەک بەڵگەنامەی کۆکراوەی ئەو زاتەیە، کە دووسێ ساڵێکە بنکەی ژین لە ڕێگەی دۆستان خالید ڕەزا، سەردار فەتاح و سەرکەوت محەمەد فەتاحەوە بەم گەنجینەیەی زانیوە و هەوڵی دەست‌خستنیی‌ داوە. خۆشبەختانە بەڕێز دکتۆر چیا سەرەنجام بڕیاری دا کۆکراوەکەی پێشکەشی بنکەی ژین بکا. ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بنکەکەمان، لە کاتێک‌دا ڕێزێکی زۆر لە هەڵوێستی جوامێرانەی دکتۆر چیا دەنێ و بەگەرمی سوپاسی‌دەکا کە ئەو متمانەیەی بە بنکەی ژین بەخشی و ئامادەگیی نیشان دا کۆکراوەکەی لە بنکەی ژین بپارێزرێ، سوپاسی ئەو دۆستانەیش دەکا کە قسەی خێریان بۆ بنکەی ژین کردووە. بەڕێز دکتۆر چیا ئەوەیشی پێ‌ڕاگەیاندووین کە دوو کارتۆن کۆکراوەی‌تریشی هەیە، لە دەرفەتێکی‌تردا، پاش ڕێکخستن و ئامادەکردن، بە هەمان شێوە پێشکەشی بنکەی دەکا.
شایانی باسە، دکتۆر چیا ڕۆشنبیر و نووسەر و تێکۆشەرێکی ڕێبازی کوردایەتییە و ساڵانێکە لەوپێناوەدا لەخۆبوردووانە و دڵسۆزانە کاری‌کردووە و نەخشی بەرچاوی لە چالاکیی سیاسیی کوردیی هەندەران‌دا هەبووە. هاوکات بیرێکی ئەرشیفکاریی شک‌بردووە و ئەوەندەی دەستی پێ‌ڕاگەیشتبێ، هەوڵی‌داوە بەڵگەنامەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی کۆبکاتەوە و بیپارێزێ. ئەنجومەنی بەڕێوەبردن، وەک ڕێز لەو مێژووە خاوێنەی بەڕێزیان دەنێ، سوپاسگوزاریشیەتی کە بەدرێژیی ئەو ساڵانە خولیای کۆکردنەوە و پارێزگاریی بەڵگەنامەی کوردیی هەبووە.

كاری هەمووان بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان ڕاست بێ.