کۆڕێک بۆ ڕانوواندنی کتێبێکی تازە

سەعات ٢ی پاش‌نیوەڕۆی شەممە ٢٠٢٣/١٠/٢١ بەڕێز یادگار شاکر حەکیم (دانیشتووی هۆڵەندا)، کۆڕێکی لە (هۆڵی پیرەمێرد)ی ناو تەلاری بنکەی ژین‌دا سازکرد بۆ ڕانوواندن (عرض) و ڕاگەیاندنی بڵاوبوونەوەی یەکەم بەرگی کتێبێکی خۆی بە ناوی “یادداشتەکانی تەمەن”ەوە، کە ئەم‌ساڵ بە بەرگی ڕەق لە چاپخانەی پیرەمێرد لەچاپی‌داوە.
کۆڕەکە، ژمارەیێکی بەرچاوی خێزانەکانی سەر بە بنەماڵەی موفتیی سلێمانی و دۆستان و هاوڕێیانی نووسەر ئامادەی‌بوون و دوو سەعاتێک پتری خایاند، کە نووسەر قسەی تێدا سەبارەت بە ناوەڕۆکی کتێبەکەی کرد.
جێگەی باسە، کتێبەکە لەم بەشە سەرەکییانە پێک‌هاتووە: کورتەباسێکی مێژووییی ماڵباتی باپیران، درەختی ژیانکردنی ماڵباتی باپیران، ژیاننامەی بەشێک لە کەسایەتیی ماڵباتی سەیید محەمەدئاغا و مەلا ئەحمەد موفتیی چاومار و خزمانی بابان، وێنە مێژوویییەکان و سکێچی درەختی ژیانکردنی ئەو سێ ماڵباتە.
دەست‌خۆشی لە کاک یادگار دەکەین کە بەم بەرهەمە گرنگ و پڕزانیارییە، بەشدارییەکی دڵسۆزانەی لە زیندووکردنەوەی بەسەرهاتی یەکێک لە بنەماڵە ناودارەکانی ناوچەی سلێمانی‌دا کردووە. دووەم بەرگی ئەم کتێبەیش، کە نووسەر بەدەستیەوەیە، بیرەوەرییەکانی ژیانی خۆیەتی وەک پێشمەرگەیێک لە شۆڕشی کوردستان‌دا.