کۆچی یەکجاریی دکتۆر ئازاد عوبێد ساڵح

نووسەر و مامۆستای زانکۆ، دکتۆر ئازاد عوبێد ساڵح، پاش تووشبوونی بە نەخۆشییەکی کوتوپڕ (هەوکردنی خوێن) و کەوتنی چەندڕۆژەی لە نەخۆشخانە، ڕۆژی ٢٠٢٢/١٢/٢٧ گیانی لەدەست دا و لە هەولێر بەخاک سپێردرا. کۆچی ناوادەی ئەم زاتە زیانێکی گەورە بوو، لە خوێندنی باڵا و مێژوونووسیی کوردی کەوت.

جێگەی باسە، دکتۆر ئازاد ساڵانێکە، وەک نووسەرێکی جیددی و پەیامدار، سەرباری بەجێ‌هێنانی ئەرکی مامۆستایەتیی خۆی، بە دانان و وەرگێڕان و ئامادەکردن و بەشداری لە ڕۆژنامەگەریی کوردی‌دا، خزمەتێکی زۆری ڕۆشنبیریی کوردیی کردووە.

ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی “بنکەی ژین” کە بە داخ و پەژارەیێکی زۆرەوە ئەو هەواڵەی پێ‌گەیشت، لە کاتێک‌دا دۆستێک و پشتیوانێکی دڵسۆزی خۆی لەدەست‌چوو، سەرخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکار و دۆستان و هاوڕێیانی کۆچکردوو دەکا؛ هیوایەتی ئەمە دوایین کۆستی بنەماڵەکەی بێ و گیانی پاکی ئەم مامۆستا ڕێزدارەیش شادبێ؛ یادی بەخێر.

ژیاننامەی پڕۆفیسۆر ئازاد عوبێد ساڵح ١٩٥٥-٢٠٢٢

لەدایكبووی: لە پایزی: ١٩٥٥- گوندی زیارەتی گەورەی بناری چیای سەفین – هەولێر.

ئاستی خوێندن: لە ساڵی خوێندنی: (١٩٦٢-١٩٦٣) چۆتە قوتابخانە و هەر سێ هەوارەكانی سەرەتایی و ناوەندەیی و ئامادەیی – بەشی ئەدەبی، لە هەولێر تەواوكردووە.

لە ساڵی: (١٩٧٦) بەشی ئەدەبی لە قوتابخانەی دواناوەندی هەولێری ئێواران تەواوكردووە.

بەكالۆریۆس لە بەشی مێژووی كۆلێژی ئەدەبیاتی زانكۆی سەڵاحەدین ـــ هەولێر: (١٩٩٧)

لە رێكەوتی: (١)ی ئاداری: (٢٠٠٣) ماستەری لە مێژووی نوێ وەرگرتووە و نامەی ماستەرەكەیشی بەناوی: (كاریگەریی شۆڕشی ئەیلوول لەسەر پێشخستنی ڕۆژنامەوانیی كوردی لەباشووری كوردستاندا: ١٩٦١-١٩٧٥)ە، هەر لە بەشی مێژووی كۆلێژی ئەدەبیاتی زانكۆی سەڵاحەدین – هەولێر وەرگرتووە.

لە ساڵی: (٢٠٠٩) بڕوانامەی دكتۆرای لە مێژووی نوێ و هاوچەرخ لەهەمان زانكۆ بە پلەی (زۆر باشەی باڵا) وەرگرتووە، نامەی دكتۆراكەشی بەناوی: (ڕۆڵی سیاسیی و كارگێڕیی و رووناكبیریی مەعرووف جیاووك: ١٨٨٥-١٩٥٨

دەستپێك: ١٩٧٤.

كارنامەی سیاسی و ڕۆژنامەوانی و ئەكادیمی:

* لە ئاكامی هەڵگیرسانی شۆڕشی ١١ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٦١بەماڵەوە هاتوونەتە هەولێر.

* لەهەواری خوێندنی ناوەندییەوە دەستی بەخوێندنەوە كردووە و چۆتە ناو بواری ڕۆشنبیری.

* هەر لە و هەوارەشدا چۆتە ریزی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان و دواتریش پارتی دیموكراتی كوردستان.

* لە هەڵگیرسانەوەی شەڕ لە ئاداری: (١٩٧٤تا ١٠-٥-١٩٧٥) بەشداری شۆڕشی كردووە.

* لە رێكەوتی: (١٧)ی تشرینی دووەمی: (١٩٧٦) لە وەزارەتی كشتوكاڵ – بەرێوەبەڕایەتی گشتی كشتوكاڵی هەولێر بە فەرمانبەر لە شارۆچكەی هەریر دامەزراوە، تا مایسی: (٢٠٠٥) لەو فەرمانگەیە لە بواری كارگێڕیی و دارایی و رووپێوی و راگەیاندن و رۆژنامەوانی كاری كردووە و دواپلەی ( شارەزا) بووە، لەو ماوەیەدا بەشداری دەیان لیژنەی كردووە و دەیان سوپاس و رێزلێنانی پێبەخشراوە.

* دووجار بەهۆی نەكردنی سەربازی و (الجیش الشعبی) لە ساڵانی: (١٩٨١و ١٩٨٢) لە فەرمانگە دابڕاوە.

* هەر لەگەڵ خوێندن خەریكی بەخێوكردن و خۆژیاندنی خۆی و ماڵەوەی بووە، كرێكاری، ئاسنگەری كردووە.

* لەدوای راپەڕینەوە لەشوباتی: (١٩٩٢)ەوە لە ڕۆژنامەی: (ئاڵای ئازادی)، حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان دەستی بەكاری ڕۆژنامەوانی كردووە تا كۆتایی ساڵی ١٩٩٦، ئەمەش ئەزموونێكی گرنگ بووە.

* لەنێوان ساڵانی: (١٩٩٧- ٢٠٠٥)، تا ژمارە: (٢٣)، بەشداری سەرەكی بووە لەدەرچوونی (گۆڤاری كشتوكاڵ)، لە وەزارەتی كشتوكاڵ.

* لـە ڕۆژنامەكانی: (دەنگـی میللەت، یــەكبوون، ڕزگاری، نیشتمان)یش كاری ڕۆژنامەوانـی، وەك نووسـەر و بـەڕێوەبەری نووسین كردووە.

* لە گۆڤاری (ڕۆژنامەنووس)ی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان لە ژمارە (١)وە تا هەنووكە بەردەوامە، وەك دەستەی نووسین و سكرتێر و بەڕێوەبەری نووسین.

* لەساڵی: (١٩٩٢)ەوە ئەندامی یەكێتیی نووسەرانی كورد_لقی هەولێرە.

* ئەندامی كارای سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستانە.

* ئەندامی فیدراسۆنی ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتییە.

* ئەندامی كۆمەڵەی رۆشنبیریی مێژوویی كوردستانـە.

* ئەندامی یەكێتی مامۆستایانی كوردستانە.

* لە رێكەوتی: (٢٢-٢-٢٠١٣)، ناسناوی زانستی پرۆفیسۆری یاریدەدەرە.

* لە رێكەوتی: (٢٣-٢-٢٠١٩)، ناسناوی زانستی پرۆفیسۆرە.

* لە ساڵی: (٢٠٠٩)وە تاوەكو ئێستا سەرپەرشتی كتێبخانەی كۆلێژی ئاداب دەكات.

* لە پاڵ ئەمەشدا تەنیا لەنێوان ساڵانی: (٢٠١٣_ ٢٠١٨)، بەشداری لـە زیاتر لە (50) پەنجا لێژنەی زانستیدا كـردووە، لە دیارترینییان لێژنەكانی: (بەرزكردنەوەی پلەی زانستی كۆلێژ ، لێژنەی زانستی و خوێندنی باڵای بەشی مێژوو).

* سەرپەرشتی (٥) نامەی ماستەر و (١) تێزی دكتۆرای كردووە و تاوتوێی ( ١٣) نامەی ماستەر و تێزی دكتۆرای كردووە.

* ئێستا لە بەشی مێژووی لە كۆلێژی ئەدەبیات لە زانكۆی سەڵاحەدین – هەولێر، مامۆستایە.

بەرهەم و چاپكراوەكانی:

– ئارشاك پۆلادیان-ی رۆژهەڵاتناس، كورد لە سەرچاوە عەرەبییەكاندا، وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە، لە بڵاوكراوەكانی ئەكادیمیای كوردی، چاپی یـەكـەم، چاپخانـەی زانكۆی سـەڵاحەدین، هـەولێر، ٢٠٠٠، ٢٠٢لاپەڕە.

– د. كەمال مەزهەر ئەحمەد، خەباتی رزگاریخوازی كورد و ئازەر لە ئێران، وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە، لە بڵاوكراوەكانی دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی ئاراس، چاپی یەكەم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، هەولێر، ٢٠٠٤، ٩٥لاپەڕە.

– د. ئەحمەد عوسمان ئەبوبەكر، كورد و كوردستان لە كۆمەڵە وتارێكی مێژووییدا، وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە، لە بڵاوكراوەكانی دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی موكریانی، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، چاپی یەكەم، هەولێر، ٢٠٠٥، ١٧٥لاپەڕە.

– كاریگەری شۆڕشی ئەیلوول لەسەر پێشخستنی ڕۆژنامەوانی كوردی لە باشووری كوردستاندا(١٩٦١-١٩٧٥)، لە بڵاوكراوەكانی وەزارەتی ڕۆشنبیری، چاپی یەكەم، چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری، هەولێر، ٢٠٠٧. ماستەرنامەكەیەتی.

– تاریق محەمەد رەحیم، ف. مینۆرسكی ڕۆژهەڵاتناس نووسراوە مێژووییەكانی لەبارەی كوردەوە هەر لە سەردەمی ئیسلامەتییەوە تا سەرهەڵدانی خەلافەتی عوسمانی، وەرگێڕان، لە بڵاوكراوەكانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان -بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆژنامەنووسی و چاپ و بڵاوكردنەوە، چاپی یەكەم، چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری، هەولێر، 2008.

– خەباتی سیاسیی و پێشمەرگایەتی شەهید مەئموون دەباغ، چاپی یەكەم، چاپخانەی حاجی هاشم، هەولێر، ٢٠٠٩.

– الاپار الكاملە للدكتور احمد عپمان ابوبكر، اعداد، جز‌وین، مركز ژین ڵاحیا‌و التراپ الصحفی و الوپائقی الكردی، الگبعە الاولی، سلیمانیە، ٢٠١٠.

– سەرجەمی بەرهەمی مەعرووف جیاووك، ئامادەكردن، لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین، چاپی یەكەم، چاپخانەی شڤان، سلێمانی ٢٠١١، ٧٨٢لاپەڕە.

– رۆڵی سیاسی و كارگێڕیی ڕووناكبیریی مەعرووف جیاوك-١٨٨٥-١٩٥٨، لە بڵاوكراوەكانی ئەكادیمیای كوردی، چاپی یەكەم، چاپخانەی حاجی هاشم، هەولێر، ٢٠١٢، ٤٢٨لاپەڕە.

– ژیان وتێكۆشانی مەلا محەمەد شەریف عوسمانی رەنگەڕێژانی، چاپی یەكەم، هەولێر، ٢٠١٢.

– مێژووی ئاڵای كوردستان، چاپی یەكەم، هەولێر، ٢٠١٢.

– دوو كتێب لە یەك كتێبدا بە هەر دوو زمانی عارەبی و كوردی: كۆمەڵە وتارێكی گرنگی بڵاونەكراوەی ساڵح حەیدەری، لە بڵاوكراوەكانی كتێبخانە و ئەرشیفی مومتاز حەیدەری، چاپی یەكەم، چاپخانەی رۆژهەڵات، هەولێر، ژمارەی سپاردن: (٢٧٣٧)، ٢٠١٩، ٣٢٨+٢٨٧لاپەڕە، قەبارە: (١٧×٢٤)سم.

– چەندین نووسین و لێکۆڵینەوەی دیکە لە گۆڤارەکانی رۆژنامەنووس و ئەکادیمیا و زانکۆ و ژین بڵاوکردۆتەوە .

سەرچاوە :

به‌رگی یه‌كه‌می ئینسایكلۆپیدیای نووسه‌رانی هه‌ولێر، عەبدولرەحمان مەعروف لاپەڕە ١٠٤_ ١٠٦.