کۆچی زانای گەورە، دکتۆر عیماد عەبدوسەلام

تاقی بەیانیی یەک‌شەممە، ٢٠٢١/٦/٢٧ دڵی مێژوونووس و زانای گەورەی عیراقی دکتۆر عیماد عەبدوسەلام ڕەئووف لە لێدان کەوت. کۆچی ئەم مامۆستای زانکۆ و لێکۆڵەرەوە و توێژەرەوە ناودارەی وڵات، زیانێکی ئەوەندە گەورەیە کە ئەستەمە تا ساڵانێکی‌تری نزیک شوێنە خاڵییەکەی پڕبکرێتەوە. ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی “بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین” زۆر نیگەرانە بە لەدەست‌چوونی ئەم زاتە و سەرخۆشی لە بنەماڵە و کەس‌وکار و دۆستانی دەکا. هیواخوازیشە ئەمە دوایین کۆستی بنەماڵەکە بێ و گیانی کۆچکردوویش شادبێ.
جێگەی باسە، دکتۆر عیماد پێوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ بنکەی ژین هەبوو و ئەندامی دەستەی نووسینی گۆڤارەکەی “ژین” بوو و تێیدا نووسیویە. دوایین پڕۆژەیشی لەگەڵ بنکەی ژین، ئامادەکردن و لێکۆڵینەوەی سەد ژمارەی یەکەمی هەوەڵین ڕۆژنامەی عیراقی زەورا “الزوراء”ە، کە چەند مانگێکە بنکە خەریکی پاککردنەوە و ئامادەکردنیەتی بۆ چاپ و بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا بیبینێ. بەشێکی ئەندامانی ئەنجومەنی بنکەیش، ئێوارەیێکی درەنگی ڕۆژی ٢٠٢١/٦/٢٤ لە کتێبخانەی تەفسیر لە شاری هەولێر بە خزمەتی گەیشتن و گفت‌وگۆیێکی خۆشیان بوو سەبارەت بەم پڕۆژەیە و بە چۆنایەتیی گشتیی کارەکانی بەڕێزیان. مخابن کە بەجێی‌هێشتین، یادی بەخێر.
دکتۆر عیماد عەبدوسەلام ڕەئووف، ساڵی ١٩٤٨ لە شاری بەغدا لەدایک‌بووە و بە ئەسڵ لە خەڵکی دەوری مووسڵە. لەوێ دەستی‌کردووە بە خوێندن. ١٩٧٠ بەشی مێژووی کۆلیجی ئادابی زانکۆی بەغدا تەواوکردووە. ١٩٧٣ گەواهینامەی ماستەری لە مێژووی نوێ لەسەر “ولایة الموصل في العهد الجلیلي ١٧٤٩-١٨٣٤” وەرگرتووە. ١٩٧٦ دکتۆرای لە هەمان زانکۆ لەسەر “الحیاة الاجتماعیة في العراق في عهد الممالیک ١٧٥٠-١٨٣١” بەدەست‌هێناوە. سەرۆکی ناوەندی ژیاندنەوەی کەلەپووری زانستیی عەرەبی (مرکز احیاء التراث العلمي العربي) لە زانکۆی بەغدا و مامۆستای مێژووی نوێیش بووە لە کۆلیجی پەروەردەی هەمان زانکۆ. سەرپەرشتیی گەلێک ماستەر و دکتۆرای لە مێژووی ئیسلامی‌دا کردووە. سەرلەبەیانیی یەک‌شەممە ٢٠٢١/٦/٢٧ ماڵئاواییی لێ‌کردین.
بەشێکی دانراوەکانی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانەکانی ئینگلیزی، فەڕەنسەیی، تورکی، فارسی، کوردی و ئەندەنووسی و چینی. لە نزیکەی حەفتا گۆڤاردا نووسیویە، وەک: سومر، المورد، مجلة المجمع العلموو العراقي، آداب الرافدین، المسلم المعاصر، اسلامیة المعرفة، المؤرخ العربي، التجدید، العلم والایمان، مجلة جامعة أم القری، المعطار، الانسان، الدراسات الاسلامیة، مجلة التاریخ الاسلامي، آفاق الثقافة والتراث، حولیة کلیة الشتیعة والقانون والدراسات الاسلامیة، الافاق، ژین. ١٠٢ کتێبی لەچاپدراوی هەیە، لەوانە ٤٠یان ساغکردنەوە و ٦٢یان دانراون.