کۆچی‌دواییی کاک ئەکرەمی مەحموودی ساڵحی ڕەشە

ئێوارەی پێنچ‌شەممە، ٢٤/ ١/ ٢٠١٩ ، دڵی ڕۆشنبیر و نووسەری کەلەپووری، کاکە ئەکرەمی مەحموودی ساڵحی ڕەشە، لە لێدان کەوت و تەرمەکەی لە گردی سەیوان بە خاک سپێردرا، پاش ئەوەی ئێوارەی چوارشەممەی ڕابوردوو، ١٦/ ١/ ٢٠١٩، لای “نەخۆشخانەی عەلی کەمال” بە خۆپێداکێشانی مۆتۆرسیکلێک، -بە داخەوە- زیانی کاریگەر بە جەستەی گەیی. جێگەی باسە، کاک ئەکرەم خاوەنی سێ بەرگی کتێبی “شاری سلێمانی” و “شەوچەرەی شار”ە، جگە لە چەندین وتار و بابەتی نووسراوی دیکەی بڵاوکراوە و ئامادەی چاپ. ڕەحمەتی، لە دوادوایییەکانی ساڵانی حەفتای سەدەی پێشووەوە، خەریکی کۆکردنەوەی وێنەی هەمەجۆر و زانیاریی تایبەت بە ژیانی ساڵانی ڕابوردوو بووە، لە کاتێکدا پێشتریش وەک ئارەزوومەند وێنەی بە کامێرای خۆی گرتووە. لە درێژاییی ئەو ساڵانەدا توانیویە بکەوێتە بەڵگاندنی بڕێکی زۆری ئەم سامانە شارستانییە و کۆی بکاتەوە و لە فەوتان ڕزگاری بکا. کتێبی “شاری سلێمانی”یەکەی، زانستنامە (موسوعة)یەکی دەوڵەمەندی گرانبەهای ڕۆژگاری زووی سلێمانی‌یە و کەلێنێکی گەورەی لە کتێبخانەی کوردی‌دا گرتووە.
کاک ئەکرەم، دۆست و پشتیوانێکی گەورەی بنکەی ژین بوو و درێغیی لە هیچ خزمەتێکی نەدەکرد، بۆیە ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و کارمەندانی بنکە یەکجار دڵگرانن بە کۆچی‌دواییی ئەم خۆمخۆرەی کوردەواری بە گشتی و شاری سلێمانی بە تایبەتی و سەرخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی و کەس‌وکار و دۆستانی دەکەن و هیوایانە ئەو گەنجینەیەی کە بەڕێزیان بە هەوڵ و کۆششی جوامێرانەی خۆی کۆی کردبووەوە، ئەمەودوایش پارێزراو و سەلامەت بێ و وەک یادگارێکی زیندوو بمێنێتەوە. جێگەی بەهەشتی بەرین بێ و یادی بەخێر.