کۆبوونەوەی نوێنەرانی بنکەی ژین و زانکۆی ئێکستەر

سەعات دوازدەی نیوەڕۆی سێ‌شەممە ٢٠٢٠/٩/٢٢، بە داوای زانکۆی ئێکستەر لە بریتانیا، کۆبوونەوەیەکی هەوایی (لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە) لە نێوان نوێنەرانی بنکەی ژین، ڕەفیق ساڵح، دکتۆر لەتیف ڕەشید، دکتۆر شنە شەریف و نوێنەرانی زانکۆی ئێکستەر، گەرس ستانسفیڵد، سەرۆکی بەشی عەرەبی و ئیسلامی، کریستین ڕۆبس و فەڕەنگیس قادری، سازکرا.
سەرۆکی بنکەی ژین، لەوە دووا کە ئەم دەزگایە تاکە ئەرشیفی هەرێمی کوردستانە و بڕێکی گەورەی کتێب، گۆڤار و ڕۆژنامە، بەڵگەنامە (بە جۆرەکانیەوە) و دەستنووسی لە ساڵانی ڕابوردوودا تێدا کۆکراوەتەوە و لە فەوتان ڕزگارکراوە. ژین، بایەخ بە مێژووی کوردستان و پێکهاتەکانی و مێژووی دوور و نزیکی وڵاتان و میللەتانی دراوسێ دەدا و ئامانجیەتی ببێتە بناغەی ئەو ئەرشیفە نیشتمانییە کە لە داهاتوودا دادەمەزرێنرێ و لە هەوڵدایە لەگەڵ حکوومەت و پەرلەمان‌دا تا کاری ئەرشیفی بە قانوون ڕێک‌بخرێ و تا ئێستەیش سێ پڕۆژەقانوونی ئامادەکراوی لەم ڕووەوە داوەتە پەرلەمان. ژین، لە ١٦ ساڵی پێشوودا، توانیویە بە توانایییەکی کەمی ماددی و مرۆیی، ئەم دەسکەوتانە بەدی‌بێنێ: کتێبخانەیەکی دەوڵەمەندی نموونەیی بنیات‌بنێ و پتر لە ٤٥٠٠٠ چل‌وپێنج هەزار کتێبی تێدا کۆبکاتەوە. پتر لە ١٥٥٠ گۆڤار و ڕۆژنامەی زمان جیاجیا لە بەشی ڕۆژنامەوانییەکەی‌دا بپارێزێ. نزیکەی هەزار دەستنووسی ئەسڵی لە بەشی دەستنووسی‌دا هەڵگرێ و دوو بەرگی پێڕستێکی وەسفیش لە بارەیانەوە بڵاوبکاتەوە. بەڵگەنامەی هەمەجۆر، بە نووسراو، وێنە، نەخشە، تۆماری دەنگی و ڤیدیۆیی، .. یەوە، لە بەشی بەڵگەنامەی‌دا کۆبکاتەوە. ١٨٦ کتێبی لەچاپ‌بدا و ١٠ ژمارەی لە گۆڤاری ژین بڵاوبکاتەوە. هەموو ئەمانە کارێکیان‌کردووە بنکەی ژین ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ توێژەرەوە و خوێندکارانی خوێندنی بەرز لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان. پێ‌بەپێی ئەوانە، وێنەگرتنەوەی ئەلکترۆنیی کەرەستە کۆکراوەکان بەردەوامە و کاریش‌دەکرێ بۆ خستنیانە ناو داتابەیز. ژین، وێڕای ئەوە، هەم لە باری ئابوورییەوە دۆخێکی ناجۆری کێشەداری هەیە، هەم هەل‌ومەرجی ئاڵۆزی ناوچەکەیش بە گشتی بە شێوەیەکی خراپ بەسەری‌دا شکاوەتەوە.
نوێنەرانی زانکۆی ئیکستەریش، پشت بە زانیاریی پێش‌وەخت، کە بەڕێزان د. لەتیف ڕەشید و د. فەڕەنگیز قادری -بە سپاس و پێزانینەوە- نەخشی بەرچاویان لەو پێ‌ناساندنەدا هەبوو، باسی بایەخی زۆری “بنکەی ژین”یان کرد وەک سەرچاوەیەکی زانستی بۆ توێژەرەوە و خوێندکاران. لەوە دووان کە زانکۆکەیان تۆڕێکی پێوەندیی لەگەڵ زانکۆکانی کوردستان و -بۆ وینە- زانکۆی سلێمانی‌دا هەیە و دەکرێ لەمەودوا بنکەیش بخرێتە ناو ئەو تۆڕە. بنکەی ژین بەو پێیە کە کۆکراوەیەکی دەوڵەمەندی هەیە، هەوڵ‌بدرێ کاری هاوبەشی لەگەڵ ئەنجام‌بدرێ، تا ئەو سەرچاوانە بخرێنە بەردەستی توێژەرەوەکان. لای خۆیشیانەوە بەڵێنیان دا ڕەشنووسێک ئامادەبکەن بۆ دامەزراندن و ڕێکخستنی پێوەندیی زانستیی نێوان هەردوو لا.
شایانی باسە، کرمانج زرار، کارمەندی بەشی بەڵگەنامە، پێویستییە تەکنیکییەکانی ئەو پێوەندی‌گرتن و چاوپێکەوتنە ڕاستەخۆیە و بەڵگاندنی بەشێکیی وەک تۆماری ڤیدیۆیی دابین‌کرد و ڕێک‌خست.