کۆبوونەوەی شاندی ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت و بنکەی ژین

سەعات ١٠ی سەرلەبەیانیی سێ‌شەممە ٢٠٢٥/٧/٨ شاندیکی ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت CDO کە پێک‌هاتبوو لە بەڕێز بەڕێوەبەری ڕێکخراو بەختیار ئەحمەد ساڵح و ئەندامێتیی بەڕێزان کامەران سوبحان و سۆران سەعید، سەریان لە بنکەکەمان دا. قسە لەسەر ئەوە کرا کە:
١. ‘ژین’ لای خۆیەوە وێنەی پێویستی شێخ مەحموودی حەفید و نەخشەی کۆنی سلێمانی و کتێب و سەرچاوەی‌تر سەبارەت بە جووڵانەوەی شێخ مەحموود بۆ مۆزەخانەی مەلیک مەحموود دابین‌بکا.
٢. سی‌دی‌ئۆ بە گرێبەستی لەچاپدانی کتێبەکانی تایبەت بە جووڵانەوەی شێخ مەحموود بە پڕۆژەی هاوبەش قایلە و ‘ژین’ لە بەرەوە ڕادەستیان‌بکا بۆ چاپ؛ لەوانە: لە بەڵگەنامەکانی حکوومەتی شێخ مەحموودی حەفید: تۆمارێکی شارەوانیی سلێمانی ١٩٢٣-١٩٢٤، ڕۆژنامەکانی سەردەمی حوکمی شێخ مەحموودی حەفید، حکوومەتی کوردستان ١٩١٨-١٩٢٤.
باسی چەند کتێبێکی‌تریش کرا کە کەڵکی زۆری ئەم پڕۆژەیە دەگرن، هەوڵ‌بدرێ لەچاپ‌بدرێن، لەوانە: کتێبە بەڵگەنامەیییەکی دکتۆر نەجات عەبدوڵڵا بە فەرەنسی، کتێبە بەڵگەنامەیییەکەی ئایەتی محەممەدی بە فارسی و لەوانەیش کە پێوەندییان بە ‘ژین’ەوە هەیە: لە بەڵگەنامەکانی جووڵانەوەی شێخ مەحموودی حەفید، ‘القضیة الکردیة وحرکات الشیخ محموود الحفید في الوثائق البریطانیة’ی نایف حەمموودی، ‘من التخطیط الی التجزئة: سیاسة بریطانیا العظمی تجاە مستقبل کردستان ١٩١٥-١٩٢٣’ی دکتۆر سەعد بەشیر ئەسکەندەر.
٣. ‘ژین’ بەڵێنی دا هاوکاری CDO بێ لە پڕۆژەی “پیشانگەی نەخشەکانی کوردستان’دا.
‘ژین’ ئامادەیە، بە نیازی بەشداری لە گەشەپێدانی هۆشیاریی بەڵگەنامەیی‌ و خزمەتی گشتی‌دا، هەموو ئاسانکارییەک بۆ سوودلێوەرگرتن و بەردەستخستنی کۆکراوەکانی خۆی بکا.