سەعات ١٠ی ڕۆژی شەممە، ٢٠٢٠/١٠/٣١، ڕێوڕەسمێکی بچووک و ماوەکورت، بەڵام پڕناوەڕۆک و گرنگ بۆ کردنەوەی کتێبخانەی تایبەتی زانای گەورە، خودابەخشیو تۆفیق وەهبیبەگ، لە نهۆمی سێیەمی تەلاری “بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین” ڕێکخرا. لەبەر پێڕەوکردنی ڕێنمایییەکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ژمارەیەکی کەمی میوانان بانگکرابوون و ئامادەبوون. سەرەتا سدیق ساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بنکەی ژین، پاش بەخێرهێنانی میوانان، چەند قسەیەکی بۆ بەرچاوڕوونی کرد. لەوانە: – بنکە قەرزارباری کەسانێکی زۆرە وەک هاوکار و پشتیوانی ماددی و مەعنەویی پڕۆژەکانی و هەقیان بەسەریەوە هەیە، بەڵام لەبەر ناسکیی هەلومەرجەکە و خۆپارێزی و سەلامەتییان عوزرخوایی بۆ بانگنەکردنیان دەهێنێتەوە. – بنکەی ژین، لە ٢٠٠٩ بەدواوە کەوتووەتە پەیداکردنی کتێبخانەی تایبەتی زانایان و ڕۆشنبیرانی کورد و توانیویە ژمارەیەکیان کە کۆکراوەکەیان گەورەبووە، لە ژووری تایبەتدا دابنێ، وەک شێخ محەمەدی خاڵ، بەشێکی مەلا عەبدولکەریمی مودەریس، دکتۆران ئیحسان و کەمال فوئاد، هیلال ناجی، بەشێکی دکتۆر عەبدوڵا ئاگرین. ئەوانەیش کە کۆکراوەکەیان بچووک¬ بووە، تێکەڵ بە کۆکراوەکانی بنکەی ژین کراون. بەڵام لە هەردوو باردا کتێبەکان پۆلێن و پێڕست کراون و مۆری دیارییان لێدراوە و لیستیان بە فەرمانی کارگێڕی ڕاگیراوە. – بنکەی ژین ساڵانێکە بەدوای چارەنووسی کۆکراوەی زانستی و ڕۆشنبیریی بەهەشتی تۆفیق وەهبیبەگدا چووە و ئەنجامێکی چنگنەکەوتووە. دواجار بە هیممەتی مامۆستا جەمال عەبدوول و دکتۆر نەجات عەبدوڵا، جێگری ئەکادیمیای کوردی و قەناعەتهێنانی بنەماڵەی تۆفیق وەهبیبەگ و بەتایبەت دکتۆر کوردۆ تەڵعەت نادر، کە خۆی دانیشتووی بریتانیایە، بڕیاردرا کۆکراوەکە (٣٧ سیوحەوت کارتۆن) بدرێتە بنکە و هەر دکتۆر کوردۆ خۆیشی خەرجیی هێنانەوەیی لە لەندەنەوە بۆ سلێمانی کێشا. بنکەیش بە گەیشتنەجێی کۆکراوەکە لە ٢٥/٤/٢٠٢٠دا، لیژنەیەکی بە سەرۆکایەتیی مامۆستا جەمال عەبدوول بۆ پێکهێنا و ناوەڕۆکی کارتۆنەکان ژمێردرا و بە نووسراو دیاریکرا. دوایی گرووپی دەستەی کوردستانی و ڕێکخراوی ئارت پڵەس، کە د. شنە شەریف و سەفین محەمەد نوێنەرایەتییان¬دەکەن، خۆیان و دەستەکەیان پۆلێن و پێڕستی کتێب و نامە و کارت و ئەوراقیتری کۆکراوەکەیان بەجێهێنا.
لە کۆتاییدا، سدیق ساڵح بە ناوی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی “بنکەی ژین”ەوە سپاسی ئەم گرووپە و ئەو بەڕێزانەیشی کرد کە نەخشی بەرچاویان لە بەئەنجامگەیاندنی ئەم پڕۆژەی کارەدا هەبوو، بە تایبەت بەڕێزان مامۆستا جەمال عەبدوول، دکتۆر نەجات عەبدوڵا و دکتۆر کوردۆ تەڵعەت نادر. جگە لەوە، هەڵگرتن و پاراستنی ئەم کۆکراوەیەیشی لە بنکەدا بە مایەی شانازی و شەرەفێکی گەورە بۆ ئەنجومەنی بەڕێوەبردن دانا.
پاشان مامۆستا جەمال عەبدوول، چەند قسەیەکی سەبارەت بە بایەخی زۆری ئەم کۆکراوەیە کرد و جەختیکردەوە کە باشترین و گونجاوترین شوینی هەڵبژاردووە بۆ پاراستن و کەڵکوەرگرتن لەم کۆکراوەیە، کە ئەویش “بنکەی ژین”ە.
ئەمجا وتەی بەڕێز ئیلنۆر ڕۆبەرتسنی بەڕێوەبەری تۆڕی نەهرەین بە ڤیدیۆ نیشاندرا و د. شنە شەریف قسەکانیی کردنە کوردی، کە خۆشحاڵیی خۆی تێدا دەربڕی بەرامبەر بەم پڕۆژەی پێڕستکارییەی وا گرووپی دەستەی کوردستانی و ڕێکخراوی ئارت پڵەس بە کۆمەکی ئەو تۆڕە دڵسۆزانە بەڕێوەیبردووە و یەکێکە لە پڕۆژە سەرکەوتووەکان و ئەنجامی یەکجاری باشی لێکەوتووەتەوە. دواجار بەڕێز مامۆستا جەمال عەبدوول قردێلەی کردنەوەی کتێبخانەکەی بڕی و میوانان بە پێزانین و شادییەوە ڕوانییانە کتێبخانەکە. ڕەفیق ساڵح، بەڕێوەبەری “بنکەی ژین”یش، کۆمەڵێک زانیاریی لە بارەی ناوەڕۆکی کۆکراوەکەوە بۆ میوانان ڕوونکردەوە.