ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٠٢٥/٨/٢٤ ڕێوڕەسمێکی شایستە لە بەغدا ڕێکخرا بۆ کردنەوەی “سەنتەری ڕۆشنبیریی عەرەبی – کوردی” و سەرۆکی ‘بنکەی ژین’یش یەکێک بوو لەو میوانانە کە لە هەرێمی کوردستانەوە بانگکرابوون بۆ ئەو بۆنەیە. ڕێوڕەسمەکە، بەڕێزان د. لەتیف ڕەشید، سەرکۆماری عیراق و د. ئەحمەد فەکاک بەدرانی، وەزیری ڕۆشنبیری و گەشتیاری و شوێنەوار و د. هەڵۆ عەسکەری، وەزیری ژینگە و کۆمەڵێک بەرپرس و کەسێتیی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی عیراق و هەرێم ئامادەیبوون. بەڕێز سەرکۆمار وتەیەکی تێدا پێشکەشکرد لەوبارەوە کە ئەم ناوەندە لێی چاوەڕواندەکرێ ببێتە پردی پێوەندیی ڕۆشنبیری و کولتووریی نێوان پێشەنگانی ڕۆشنبیریی ئەم وڵاتە، لە هەلومەرجێکدا کە زیاتر لە هەر کاتێکیتر پێویستمان بە زیندووکردنەوەی پێوەندیی دۆستانەی کۆنینەی نێوان هەردوو لا هەیە بۆ خزمەتی عیراق.
پاشان هەر یەکە لە بەڕێزان وەزیری ڕۆشنبیری و گەشتیاری و شوێنەوار و عارف ساعیدیی ڕاوێژکاری کاروباری ڕۆشنبیریی سەرکۆمار و د. عامر حەسەن فەییازی ڕاگری پێشووی کۆلیجی زانستە سیاسییەکان و د. محەمەد حسێن ئالیاسینی سەرۆکی فەرهەنگستانی عیراق (المجمع العلمي العراقي) وتەی خۆیان پێشکەشکرد و ئاماژەیان بە نەخشی بەرچاوی سەرکۆمار دا بۆ لاکردنەوەی دڵسۆزانەی لەم لایەنە گرنگە.
ئەمجا ژمارەیێک چالاکیی هونەری و ڕۆشنبیریی هەمەجۆر و لەوانە شیعرخوێندنەوە و پارچەمۆسیقای کوردی و عەرەبی پێشکەشکرا.
ئەوەی ڕاستی بێ، ئێمەیش لای خۆمانەوە -وەک “بنکەی ژین”- لێکنزیکبوونەوە و کۆبوونەوەی ڕۆشنبیرانی کورد و عەرەب و گفتوگۆ و بیروڕاگۆڕینەوە و پڕۆژەی کاری هاوبەشیان بۆ لابردنی دڕدۆنگی و گومانەکان و ڕوونبوونەوەی مەسەلەکان و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کاری هونەری و ڕۆشنبیریی هاوبەش و بەرهەمهێنانی گوتاری پێکەوەیی و ناوکۆیی بۆ خزمەتی ئێستە و داهاتوو، بە کارێکی پێویست و ناچاری دەزانین، بەتایبەت ئێمە وەک کورد -بەبێ گومان- زیاتر پێویستمان بە بنیاتنانی پێوەندییەکی هاوسەنگی لەسەر بنچینەی یەکترقبووڵکردن و هاوشانی هەیە و ئەم دەزگایەیش وای لێ چاوەڕواندەکرێ بتوانێ لەم لایەنەوە خزمەتی ئەم ئامانجە بکا. هەر لەم ڕوانگەیەیشەوە، پیرۆزبایی لە ڕێکخەرانی ئەم کارە و بەتایبەت بەڕێز د. لەتیف ڕەشید، سەرکۆماری عیراق، دەکەین کە بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی وەها گرنگی دانا کە بەهیواین خێر بۆ بەرژەوەندی گشتی بداتەوە و هاندەر و زەمینەخۆشکەر بێ بۆ بەرهەمهێنانی هونەر و کولتوور و ڕۆشنبیرییەکی مرۆدۆستانەی بەرپرس و کاریگەر و پێوەندییەکی هەمەلایەنەی تاسەر هاوسەنگ و دۆستانە.