کتێبی تازەی بنکەی ژین: “مذکراتي: کشف القناع عن بعض الوقائع العراقیة”

“بنکەی ژین” کۆتاییی پار (٢٠١٩) کتێبی “مذکراتي: کشف القناع عن بعض الوقائع العراقیة” دانراوی عەبدولعەزیز یامولکیی چاپ و بڵاو کردەوە. کتێبەکە بە کۆششی مەجید ساڵح و ڕەفیق ساڵح ئامادەکراوە و دکتۆر ئەکرەم عەبدولقادر یامولکی (ئامۆزای نووسەر) پێشەکیی بۆ نووسیوە. عەبدولعەزیز کوڕی ناودار مستەفاپاشا یامولکی و ئەفسەرێکی پلەبەرزی سپای عێراقی بووە. بە حوکمی نزیکیی لە ناوەندەکانی دەسەڵات و بڕیاردانەوە لە عێراق، ئاگادار یا بەشداری ڕاستەوخۆی بەشێکی دیاری ڕووداوە سیاسییە ئاشکرا و ژێربەژێرەکانی ئەم وڵاتە بووە و بیرەوەرییەکانی خۆی لە سەرەتای سەردەمی حوکمی پاشایەتییەوە، تا ساڵی ١٩٥٠ هێناوە. ئەم کتێبە نهێنی و ڕازی پێشتر پێ‌نەزانراوی زۆری تێدایە.
جێگەی باسە، ناوبراو بیرەوەرییەکانی سەردەمی ژیانی لە سایەی دەوڵەتی عوسمانی‌دا، بە تورکیی عوسمانی نووسیوە و کراوە بە کوردی و لە دووتوێی بەرگی یەکەمی “سەرجەمی بەرهەمی عەبدولعەزیز یامولکی”دا بڵاوبووەتەوە، کە بنکەی ژین ساڵی ٢٠٠٥ لەچاپی‌داوە و بریتییە لە کۆکراوەی نامیلکە و وتارە بڵاوکراوەکانی ناو گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ڕۆژگاری نووسەر خۆی.