ڕێ‌‌وڕەسمی ڕاگەیاندنی بڵاوبوونەوەی گۆڤاری گەلاوێژ

بنكە، سەعات ٤ی ئێوارەی ٦\٤\٢٠١٧ ڕێ‌‌وڕەسمێكی بۆ ڕاگەیاندنی بڵاوبوونەوەی سەرجەمی ژمارەكانی گۆڤاری گەلاوێژ بە حەڤدە بەرگ لە (هۆڵی پیرەمێرد)ی ناو تەلاری ژین سازكرد، ژمارەیەكی زۆری میوانان ئامادەی بوون. سەرەتا جەمال لۆلۆی كۆڕگێڕ میوانانی بەخێرهێنا و دەقیقەیەك وەستان بۆ ڕێزنان لە گیانی پاكی شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی كورد و كوردستان. پاشان سدیق ساڵح، ئەندامی ئەنجومەن و ئامادەكەرێكی بەرهەمەكە، هێندێ‌ سەرنجی سەبارەت بە بایەخی گۆڤارەكە و نەخشی هەریەكە لە خوالێخۆشبووان برایم ئەحمەدی خاوەندئیمتیاز، عەلائەدین سەجادیی سەرۆكی نووسین، عەبدولقادر قەزاز و فایەق هۆشیاری جووتەهاوكار و عەلی كەمال بەگی خەرجیكێشی گۆڤارەكە و هەنگاوەكانی ئامادەكردنی ئەم گۆڤارەی بۆ چاپ ڕوون كردەوە. ئەو فلیمە بەڵگەنامەیییە كە جەمال لۆلۆ لە بارەی گۆڤارەكەوە ئامادەی كردبوو، لەبەر گرفتێكی تەكنیكی نەتوانرا نیشان بدرێ‌. دواجار گرووپی مووزیكی پاییز و هونەرمەندی گۆرانیبێژ بیژەن بە مەقام و بەستەی (شیرین بەهارە) بۆنەكەیان خۆش و گەرم كرد. لە كۆتاییدا، گۆڤارەكە خرایە بەردەستی میوانان بۆ فرۆشتن (هەر دەورەیەكی تەواوی بە هەشتا هەزار دینار) و بەپیرەوەچوونێكی گەرمی بەخۆوە دی.

شوێنی باسە، ڕێ‌‌وڕەسمەكە لە سەعات 4ەوە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ بۆ ماوەی سەعاتێك –بە سپاسەوە- لە هەردوو تەلەفزیۆنی (كوردسات) و (گەلی كوردستان)ەوە بڵاوكرایەوە.