ڕێککەوتنی بنکەی ژین و کتێبخانەی نیشتیمانیی فەڕەنسە

ڕۆژی شەممە ٢٠٢١/٥/٣١ بنکەی ژین و کتێبخانەی نیشتیمانیی فەڕەنسە، پاش پێوەندی و گفت‌وگۆیێکی چەند مانگە، ڕێککەوتنێکیان ئیمزاکرد کە بۆ ماوەی سێ ساڵ درێژەی دەبێ، بۆ نوواندنی وێنەی دیجیتاڵیی بەشێکی کۆکراوەی کتێب و ڕۆژنامەگەریی کوردی لە سەرەتای پەیدابوونیەوە تا ساڵی ١٩٤٥ لە پێگەی ئەلیکترۆنیی گالیکای ئەو کتێبخانەیە. جێگەی باسە، ئەو کتێبخانەیە پێشتر هەمان پڕۆژەی بۆ نیشاندانی کۆکراوەی دیجیتاڵیی چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک لوبنان، میسر، فەلەستین،.. بەجێ‌گەیاندووە. ئەم پڕۆژەیە کارێک‌دەکا کۆکراوەکەی بنکەی ژین بخرێتە بەرچاوی توێژەرەوە و لێکۆڵەرەوەکانی بواری کوردناسی و لە ئاستی جیهانیش‌دا بناسرێ.