ڕێکخراوی سپێکترا بۆ داهێنان و گەشەپێدان

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٢/١١/٩ بەڕێزان دکتۆر چۆمان ئەحمەد هەردی، بەڕێوەبەری “ڕێکخراوی سپیکترا بۆ داهێنان و گەشەپێدان” و خاتوو ساڤان عەبدولڕەحمان ئەحمەد لەو ڕێکخراوە، سەریان لە بنکەی ژین دا. گفتوگۆیەکی فراوان کرا سەبارەت بە شێوەکانی ئەو هاوکارییە کە بنکەکەمان دەتوانێ پێشکەشی ئەو ڕێکخراوە بەڕێزەی بکا، بە دابینکردنی سەرچاوە و کەرەستەی کۆکراوەی پێویست و زانیاری لەمەڕ ئەو ئافرەتانەی کورد کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە لە بواری ڕۆشنبیری و چالاکیی سیاسیی‌ کوردی‌دا کاریان‌کردووە و نەخشی بەرچاویان هەبووە. بەڕێوەبەرانی بنکە ڕایانگەیاند ئامادەی هەموو جۆرە هاوکارییەکی لەم شێوەیەن و لەم ڕووەوە کۆکراوەکانی بنکەی ژین بەردەستن و ئەم ئاوڕدانەوە جیددییەی ڕێکخراوەکەیش لەم بەشە فەرامۆشکراوەی ژیانی کۆمەڵایەتیمان، بە کارێکی مەزن و دەست‌پێشخەرییەکی ئازایانە دەزانن و سەرکەوتنیان بۆ خواستن.
پاشان ئەو بەڕێزانە هەموو بەشەکانی بنکەیان پێ بەسەرکرایەوە و شادمان‌بوون بە بینینی کۆکراوەیەکی گەورەی هەمەڕەنگ، کە دواجار کەرەستەیێکی گرنگە بۆ توێژینەوەی زانستی و کارلەسەرکردن.