ڕێزنان لە بەڕێز تۆفیق عەباس (حەڵواچی)

سەعات ١٠ی ٢٠٢٢/١١/٢ ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی “بنکەی ژین” سەری لە بەڕێز تۆفیق عەباس (حەڵواچی) دا لە شوێنی کارەکەی. سەرەتا بەڕێوەبەری بنکە بە ناوی ئەنجومەنەوە سوپاسی کاک تۆفیقی کرد بۆ هەڵوێستی جوامێرانە و ئامادەگیی بۆ ئاوڕلێدانەوە و هاوکاریی بەردەوامی بنکەکەمان. وتی: کردەوەی خەمخۆرانەی ئەم زاتە، نیشانەی بەرزیی هۆشیاریی شارستانی و بەشدارییەتی لە سەرخستنی ئەم پڕۆژە ئەرشیفییەدا کە بەڕێوەبەرانی بنکەی ژین ساڵانێکە بە کۆمەک و پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لایەن و کەسانی وەک بەڕێزیان دەستی داوەتێ و بەهیوایە بە سەرکەوتنی یەکجاریی بگەیێنێ. پاشان بەڕێز تۆفیق حەڵواچی ڕایگەیاند: ئەم کارە بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانێ و وەزیفەیەتی بە هەر شێوەیەک بووە، هاوبەشی لە پڕۆژەیێکی وەها گشتی‌دا بکا کە دواجار خێر بۆ کوردەواری دەداتەوە و ئامادەیشە درێژە بەم کارە بدا، لە کاتێک‌دا چاوەڕوانی هیچ پاداشتدانەوە و ستایشکردنێکیش نییە.
لە کۆتایی‌دا ڕێزنامەیێک و ئاڕمی بنکە پێشکەش‌ بە بەڕێزیان کرا، بۆ دەست‌پێشخەریی ئەم دوایییەی، کە خەرجیی ئاواکردنەوە و دەست‌پێداهێنانی ژێرزەمینی “تەلاری ژین”ی کێشا، هەر لە دانانی کاشییەکانی بەشێکی دیاری ژێرزەمینەکەوە تا چارەسەری کێشە کارەبایییەکانی و بۆیاخکردنەوەی سەرتاسەری دیوارەکانی.
ئەنجومەنی بنکەی ژین، لای خۆیەوە وەک ڕێز لەم جۆرە کارانە دەنێ، بەهیوایە ئەم هەڵوێستانە ببنە هەم نموونەی بڵندی خەمخۆریی گشتی و هەم مایەی بووژاندنەوەی گیانی کاری هاوبەش و هەرەوەزی و دڵسۆزی نوواندن بۆ ئەو پڕۆژانە کە سەرەنجام کەڵکی گشتییان لێ‌دەکەوێتەوە. هەمووان، بە سەرکەوتن و سەرفرازی بگەن، بۆ خزمەتی بێ‌غەل‌وغەشی وڵاتەکەمان.