ڕۆژی دەستنووس و بەڵگەنامەی کوردستان

ڕۆژانی پێشوو کۆمەڵێک لە بەشدارانی “گرووپی دەستنووسی کوردی” و شارەزا و پسپۆڕانی‌تر، پاش وتووێژ و شیکردنەوەیێکی وردی زانستییانە، هەمووان یەک‌دەنگ‌بوون کە ڕۆژی ٢٢ی مایس (١ی جۆزەردان)ی هەموو ساڵێک بکەن بە ڕۆژی دەستنووس و بەڵگەنامەی کوردستان، بۆ ڕێزگرتن لەو زاتانە کە هەم پێشتر ئەو بەرهەمانەیان بە دەستنووس بۆ داناوین و نووسیویاننەوە و پاراستوویانن و هەم ساڵانێکە خەریکی کۆکردنەوە و پاراستن و ساغکردنەوە و زیندوکردنەوەی ئەم سامانە نیشتمانییەن. هیوایە ئەم هەنگاوە، پاشتر ببێتە مایەت داڕشتنی بەرنامەی زانستی و هەمەلایەنە بۆ کۆکردنەوەیێکی سەرتاسەریی دەستنووسەکانی ئەم وڵاتە و پۆلێنکردن و ڕێکخستن و خستنە بەردەستیان بۆ توێژینەوە و بڵاوکردنەوە.