چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵا کەسکین

سەعات ٥,٣ی پاش‌نیوەڕۆی سێ‌شەممە ٢٠٢٢/٧/٥ ڕەفیق ساڵح و سدیق ساڵح، بەپێی ڕێککەوتنێکی پێشتر، لە ڕێگەی بەرنامەی زوومەوە چاویان بە بەڕێز عەبدوڵا کەسکین، بەڕێوەبەری دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاڤێستا لە ئەستەمووڵ کەوت و گفتوگۆیێکی دۆستانەیان کرد بە مەبەستی دامەزراندنی پێوەندییەکی بەردەوام و توندوتۆڵی ڕۆشنبیری بۆ خزمەتێکی گشتی. هەردوو لا پاش باس‌وخواسێکی درێژ، هەرچەندە بەداخەوە بوون کە ئەو پێوەندییەی وا ١٥ ساڵێک پتر لەمەوبەر لە نێوان‌دا هەبوو، پچڕا و توندنەکرایەوە، بەڵام هیواداربوون کە ئەمجارە بەجیددی کاری بۆ بکرێ و هەوڵ‌بدرێ ئاڵوگۆڕی چاپەمەنیی یەکتر  بکرێ و سەردان و دیداری هاوبەشیان ببێ. ئەم خاڵانە پوختەی هاودەنگیی هەردوو لان:

١. هەردوو لا سەرجەمی لەچاپدراوەکانی خۆیان بە دیاری پێشکەشی یەکتر دەکەن.

٢. بنکەی ژین سەرپشکە مۆڵەتی وەرگێڕانی هەر کتێبێکی ئاڤێستا بدا، بە هەر کەسێکی هەرێم بیەوێ ئەو کارە بکا. ئاڤێستایش دەتوانێ هەر لەچاپدراوێکی بنکەی ژین وەربگێڕێ.

٣. هەردوو لا داوەتی نووسەر و وەرگێڕی یەکتر بکەن بۆ ناساندنی چالاکیی خۆیان.

٤. بنکەی ژین، ئامادەی هاوکاری و یارمەتیی زانستیی هەر توێژەرەوەیێکە، ئاڤێستا ڕای‌بسپێرێ، بۆ سوودوەرگرتن لە کۆکراوەکەی.

٥. ئاڤێستا ئامادەیە داوەتی نوێنەری بنکەی ژین بکا لە پاییزی ئەم‌ساڵ‌دا بۆ قسەکردن لەبارەی کار و ئامانج و ئەرکەکانی.